ساڵانە بازاڕی درۆن و سیستمی خۆکار بەڕێژەی 7.9٪ بەرزدەبێتەوە

25-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 تاوەکو ساڵی 2027 بازاڕی درۆن و سیستمی خۆکار بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلار
تاوەکو ساڵی 2027 بازاڕی درۆن و سیستمی خۆکار بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلار
نیشانەکردن درۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی درۆن و سیستمی خۆکار لە شاری ئەبوزەبی، سەدان کۆمپانیا نوێترین ئامێرەکانیان لە بواری بەرگری و سەربازی نمایشکرد، کە بە ژیریی دەستکرد بەستراونەتەوە. کردنەوەی پێشانگەکە لەکاتێکدایە؛ ئەم بازاڕە گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کۆمپانیای نێکس جێنی ئیسپانی، جگە لە دروستکردنی ئامێرە خۆکارەکان، لە بواری بەرگریشدا راوێژ بە حکومەتەکان دەدات.
 
عەتییە ئەلجەلال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکس جێن دەڵێ "ئێستا، کاتێکی دروستە بۆ کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆجیا. جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەردەوام چاودێریی پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا دەکەین و هەوڵدەدەین ئامێری نوێ دروستبکەین بۆ ئەوەی پێداویستیی بازاڕ پڕبکەینەوە. وەک ئەندامێکی ناتۆ، ئێمە پێشەنگین لە بواری ئامێری خۆکار و رۆبۆت و درۆن لە ئیسپانیادا."
 
پێشانگەی نێودەوڵەتیی درۆن و سیستمی خۆکار لە شاری ئەبوزەبی لە 23ـی ئەم مانگە کراوەتەوە و ئەمڕۆ (25-1-2024) دوایین رۆژییەتی.
 
زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان خاوەنی درۆنن. چین گەورەترین بەرهەمهێنەری درۆنە لە ئاستی جیهان و ساڵانە زیاتر لە 1.25 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی درۆندا دەستدەکەوێت.
 
گرووپی ئێج، کۆمپانیایەکی ئیماراتییە و دوو بەرهەمی لە پێشانگەکە خستووەتەڕوو کە یەکێکیان سیستمێکی ئاسمانییە و ئەوی دیکەشیان بۆ ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکان بەکاردەهێرێت.
 
ئەحمەد ئەلخووری، بەڕێوەبەری ستراتیژی لە کۆمپانیای ئێج باس لەوە دەکات "خواست لەسەر درۆن و سیستمی خۆکار زیادبووە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوودا. ئەو سیستمانە پێشانیانداوە زۆر بە باشی کاردەکەن و داهاتوویەکی باشیشیان هەیە. لەبەرئەوە بەشێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەو سیستمانە جێبەجێدەکرێن."
 
پێشبینی کراوە؛ تاوەکو ساڵی 2027 بازاڕی درۆن و سیستمی خۆکار بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلار و ساڵانەش بەڕێژەی 7.9٪ گەشە بکات. ئێران، تورکیا، پاکستان و رووسیا لە چەند ساڵی رابردوودا بوونەتە خاوەنی تەکنەلۆژیای دروستکردنی درۆن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە