رووداو دیجیتاڵ
هێرشی درۆنى بۆ سەر بنکەکانى هاوپەیمانان لە هەرێمى کوردستان چووە قۆناخێکی دیکە لە 24 کاژێردا ھێرشەکان زۆرتر بوون و، بنکەیەکى هێزەکانى پێشمەرگەشیان لە ناحیەى پیرمام کردە ئامانج.
هێرشەکان بەردەوامن و، بەیانیی ئەمڕۆش لە رێگەی درۆنەوە گوندی چنارتوو بۆردوومان کرا؛ ئەو هێرشانە لەکاتێکدان سیستمى بەرگریى ئەمریکا لە بنکەکانى لە عێراق، نەیتوانیوە بەیەکجاری بنبڕیان بکات.
جەبار یاوەر، پسپۆرى ئەمنى و سەربازی بە رووداوی گوت "ئەو سیستەمە بەرگرییەی لە چواردەوری بنکەکانی ئەمریکا دانراوە بەتایبەتی لە فڕۆکەخانەکان یان لە (بنکەی سەربازیی) عەین ئەسەد، دیارە کاریگەر نەبووە لە رێگریکردن لە مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. هەندێک دەنگوباس بڵاوکراونەتەوە کە سیستەمێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەهێنن بۆ ئەمە بەکاریبهێنن و دەتوانن تەنانەت مانگی دەستکردیش بۆ بەدواداچوون و چاودێریی جوڵەی ئەو گرووپانە بەکاربهێنن."
پاساوى گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بۆ ئەو هێرشانە، شەڕى غەززەیە بۆ دروستکردنى گوشارە لەسەر ئەمریکا کە بە هاوپەیمانى ئیسرائیلی دەزانن.
فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە دەڵێ "بەداخەوەم، پێموایە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن. ئەو میلیشیایانەی لە عێراقن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێت، دەیانەوێت ئەمریکا عێراق جێبهێڵێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا ئێستا پێکهاتەیەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە."
ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەى عێراق کە نزیکن لە ئێران و ناویان لەخۆیان ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی" لە 17ـی تشرینى یەکەمى 2023ـوە 27 هێرشان کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان و 29 هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە ئەبنار.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق دەڵێ "فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانیدا بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستێکى زۆر باڵا لەبارەى ئەوەى بەدیاریکراوى لە هەولێر روویدا، هەروەها شانەى راگەیاندنى ئەمنى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوە روونکراوەتەوە؛ ئەو پرسە جێگەى گرنگیى هێزە ئەمنییەکانە، ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتایەک دەبێت بۆ ئەوەى ئەوانەی کردوویانە، دەدرێنە دادگە. فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەدان و هێزە ئەمنییەکان رژدن لەسەر رێگرى لەو جۆرە رووداوانە کە بەدڵنیاییەوە هیچ سوودێکى نییە و گەلەکەمان دوادەخات."
کاردانەوەى ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە بۆردوومانکردنى پێنج بنکەى ئەو گرووپانە بووە لە عێراق، کە بەهۆیانەوە 12 چەکداریان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ