رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی بواری درۆن، هۆشداری دەدات لەماوەیەکی نزیکدا "هێرشێکی گەورەی سایبەری دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان" و، روونیدەکاتەوە "هێرشەکە بە رواڵەت سیاسی و لە نێوەرۆکەوە ئەمنییە".
شوان جاف لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە روونیدەکاتەوە "درۆنەکان لە دەشتی نەینەوا هەڵدەدرێن و ئامانجیان لەکارخستنی فڕۆکەخانەی هەولێرە". بەرنامەیەکیش پێشنیاز دەکات بۆ دوورخستنەوەی هێرشە درۆنییەکان لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو شارەزایەی درۆن پێشبینیش دەکات چەند مانگی داهاتوو "جەنگێکی گەورە" لە عێراق رووبدات.
"درۆنەکان لە دەشتی نەینەواوە هەڵدەدرێن"
چەند هەفتەیەکە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە چڕبوونەتەوە، لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و جۆری درۆنەکان، شوان جاف، شارەزای درۆنەکان، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، بە رووداوی گوت "هێرشەکان لەلایەن گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی و تەشکیلەی وارسین دەکرێن، ئەمانە باڵی بزووتنەوەی نوجەبان، کە ئەم گرووپە یەکێکە لەو 11 حەشدەی لەلایەن سوپای قودسەوە بەڕێوەدەبردرێن."
لەبارەی شوێنی هێرشەکانیش، شوان جاف دەڵێت "هێرشەکان لە دەشتی نەینەواوە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەمانە بە دوو گرووپ کاردەکەن، گرووپێکیان هێرشەکانیان بە ئاراستەی عەین ئەسەدە لە ئەنبار و ناوچەی ڤیکتۆریا لە ناوچەی سەوزی بەغدا. گرووپی دووەمیان هێرشەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی هەریر و هەولێرە، کە بەبیانووی بوونی هێزی ئیسرائیلی و ئەمریکی ئەو هێرشانە دەکەن، لەو رێگەیەشەوە دەیانەوێت ئەو پەستانەی لەسەر حەماس دروستبووە، بگوازنەوە ناوچەکانی بەرژەوەندیی ئەمریکا."
بە بڕوای ئەو شارەزایەی بواری درۆن "ئەم جەنگە گۆڕانکاریی سەیری بەسەردا هاتووە دوای رێککەوتنی ئێران و سعودیە، پێشتر کۆمەڵێک درۆن بەکاردەهاتن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی سعودیە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە، نوجەبا کۆمەڵێک چەکی وەک سەمەد 1 و سەمەد 3 و قاسفی 1 و ئەبابیلی2 ـی بەدەستەوەبوو، دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی وەک سعودیەی بەکاریدەهێنان، بەڵام ئێستا موقاوەمەی ئیسلامی بۆشاییەکی دروستکردووە لەگەڵ رابردووەکەی، تاوەکو نەناسرێتەوە، چونکە ناسنامەی موقاوەمەی ئیسلامی روون نییە و وەک گرووپێکی خۆکوژی تیرۆریستی هەژمار دەکرێن، ئەم گرووپە وەک بەرگێک دروستکراوە تاوەکو گوشار لەسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دروستنەبێت، بۆیە ئێستا موقاوەمەی ئیسلامی بە درۆنێکی نوێ کە ناوی موراد4 و موراد5ـە، هێرشەکانیان دەکەن".
"درۆنەکان لە عێراق دروستدەکرێن"
درۆن، یەکێکە لە چەکە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی شیعەی عێراق، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، زۆرترین درۆنەکانیان بومبڕێژکراون و دروستکراوی نێوخۆی عێراقن. لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی درۆنەکانەوە، شوان جاف دەڵێت "یەدەگی ئەم جۆرە درۆنە لە چینەوە هاوردە دەکرێت، لەلایەن سوپای قودسەوە دەهێنرێتە عێراق، لە 2015ـەوە سوپای بەدر و نوجەبا ئەم چەکانەیان بەدەست گەیشتووە، بەتایبەتی موهاجیر و ئەبابیلیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئێستا خۆیان پیشەسازیی سەربازییان هەیە و دەتوانن درۆن ببەستن."
بەشێک لەو درۆنانەی گرووپە چەکدارەکان لە هێرشەکانیان بەکاریدەهێنن بریتین لە درۆنەکانی "موراد 4"، "موراد 5"، "قاسف 2K"، هەریەک لەوان خەسڵەتی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی توانای فڕینیان لەنێوان 25 بۆ 50 کیلۆمەتر و تاوەکو 150 کیلۆمەترە، درێژیی درۆنەکان لەنێوان 120 سانتیمەتر بۆ 180 و 200 سانتیمەتریش دەبێت، کێشیان کەمە، ئەو کەرەستانەی پێیان دروستکراون کەم و سووکن و زیاتر فایبەرگڵاسە، قەبارەی بزووێنەریان بچووکە، ئاستی هەڵەکردنیان لە ئامانجەکانیانەوە تاوەکو 50 مەتر دەبێت، کێشیان لەنێوان 25 بۆ 50 کیلۆگرام دەبێت، توانای هەڵگرتنی 10 بۆ 20 و تاوەکو 25 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە.
شوان جاف بە گومانەوە لەو درۆنانە دەڕوانێت کە هێرشەکانی ئەم دواییەیان کردووە و روونیدەکاتەوە، "ئەگەر سەیر بکەین، گۆڕانکاری لە پلێتی دروستکردنی درۆنەکە کراوە، کراوەتە ریشاڵی کاربۆنی، بۆ ئەوەی رادار نەیخوێنێتەوە، کە ئەمە تێچووەکەی زۆرترە، بۆیە ئێستا رادار ئەم درۆنانە ناخوێنێتەوە، چونکە رادار تەنیا ئەو ماددانە دەخوێنێتەوە، کە پێکهاتەکانیان وەکو ئاسن و مس چڕە، پەروانەی ماتۆڕەکەی کراوە بە تەختە، ئەوەش بۆ ئەوەی شێ کاری لێنەکات و شەپۆڵەکان نەخوێننەوە."
بە بڕوای ئەو شارەزایەی درۆن، هەڵدانی درۆنەکان لە خاڵی نزیک لە هەرێمی کوردستانەوەیە و پێیوایە "درۆنەکان لە خاڵی نزیکەوە لە 50 بۆ 40 کیلۆمەتر هەڵدەدرێن و بەرزییەکەیان زۆر کەمە، لە 100 مەتر تێناپەڕێت، کە رادارەکان ناتوانن لەم ئاستە نزمەدا درۆنەکان بخوێننەوە، بەرز و نزمیی زەوی و باڵەخانەکانیش رێگە لە باش خوێندنەوەی شەپۆلەکان دەگرن، کە لە زەوییەوە نزیکن. لەلایەکی دیکەوە ئەو شەپۆلانەی بەرزن، یەکێکیان لە بەغدا و یەکێکیان لە هەولێر جێگیرکراون، چوار بۆ پێنج کیلۆمەتر بەرزن، هەندێک جار کەشوهەوا کاریان لێدەکات و ئەوەش دەبێتە دەرفەت بۆ فڕینی درۆنەکان و نەخوێندنەوەی شەپۆلەکان کە گرووپە چەکدارەکان زۆرجار کەڵکی لێوەردەگرن بۆ هێرشەکانیان."
لەبارەی جۆری شەپۆلی ئەو درۆنانەی لە هێرشەکاندا بەکاردێن، شوان جاف ئاشکرای دەکات، ئەو درۆنانە لە رێگەی سیخوڕییەوە ئاراستە دەکرێن "ئەگەر سەیری بکەین، شەپۆلەکەیان ئار تی ئێچە، کە پێی دەڵێن شەپۆلی رادیۆی 50 کیلۆمەتریی حەشد، سوپای قودس دروستیکردوون، لەو ناوچانەی ئێران کاریان تێدا دەکات بەکاردەهێنرێن لە عێراق و لوبنان و یەمەن، ئەوکاتەی پەستان لەسەر حەشد دروست دەبێت، ئەم شەپۆلە بەکاردێت و هێڵی مۆبایل دەبڕن و تاوەکو 50 کیلۆمەتر دەتوانن بەکاریبهێنن، بەڵام ئەوە لە خوارووی عێراق دەتوانێت سەرکەوتوو بێت نەک لە ناوچەی ئێمە، چونکە لە ناوچەی ئێمە بەرز و نزمی هەیە و شەپۆلە رادیۆییەکانیش لاوازن، کە دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن ئامانجەکان بپێکن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک، یەکەمیان ئەو درۆنانە کامێرایان لاوازە، بەهۆی تێچووەوە کامێرای کوالێتی بەرزیان تێدا داناندرێت، تەنیا دەتوانێت لە شاشەیەکی تەسکدا ئامانجەکە ببینێت، هەروەها ئەم شەپۆلانە کەشوهەوا کاریان تێدەکات، هەندێک ئامێر هەن بە تایبەت ئار ئێف ئەی دی لە هەر شوێنێک کار بکات، درۆنەکان ناتوانن خاڵە جی پی ئێسەکەیان بناسنەوە."
"هێرشێکی گەورەی سایبەری دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان"
ئەو شارەزایەی درۆن باس لە مەترسیی داهاتووی هێرشە درۆنییەکان دەکات و دەڵێت "کۆمەڵێک هاککەر لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشێکی سایبەرییان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئێران و کۆمەڵێک داتایان ئاشکراکردووە، مەترسییەکە لەدوای ئەم هێرشەوەیە، لە بنەڕەتدا چوار جۆر درۆن هەیە، چاودێری، بۆمبڕێژکراو، سیخوڕی و هێرشبەر، ئێران دوو جۆر درۆن لێرە بەکاردەهێنێت، سیخوڕی و بۆمبڕێژکراو، لەو سیخوڕییە مەترسیدارانە، درۆنی موهاجیر 10ـیە، کە حەماس لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێنا، کە هەرچی کامێرە بوو لەکارکەوت، ئەم موهاجیر 10یە لەکاتی فڕینی دوو درۆنی دیکە هاوکاریی دەکەن، یەکێکیان ئەبابیل 4 و ئەوەی دیکە کایان 19ـەیە، کە بۆ هێرشی سایبەری ئامادەکراون".
بۆیەش پێشبینی دەکات هێرشێکی سایبەریی گەورە بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "ئامانجی هێرشەکە ئاشکراکردنی داتاکانە، بەتایبەتی کە عێراق هەرێمی کوردستان بە شاردنەوەی داتای مووچەخۆران تۆمەتبار دەکات، ئەم هێرشە دەبێتە هێرشێکی سیاسیی نێوخۆیی و دەرەکی."
کۆمەڵێک رێگەش پێشنیاز دەکات بۆ رێگرتن لەم هێرشە سایبەرییە و پێیوایە "دەتواندرێت لە رێگەی جێگیرکردنی کۆمەڵێک پڕۆگرام رێگە لەم هێرشە بگیرێت، هەوڵبدرێت ئەو داتایانەی لەنێو کۆمپیوتەرێکی دیاریکراودان، هێڵی ئینتەرنێتیان لێ نەبەسترێت، بۆ ئەوەی داتاکان بمێننەوە و نەبردرێن."
"ئامانجێکی هێرشە سایبەرییەکە مۆبایلی تاکەکانە"
شوان جاف هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئەوەی زۆر مەترسیدارە لەنێو ئەم هێرشە سایبەرییانە، ئامانجەکە تیرۆری تاکە و مۆبایلی تاکەکەسییە، کە بە سیستمی زیرەک کاردەکەن و وایفای کراوەتەوە، لە رێگەی وای فای دەتواندرێت بە ئاسانی خاڵەکەی دیاریبکرێت و داتاکانی نێو مۆبایلەکە ببرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ