ئێران: هێرشەکەی ئەنقەرە تیرۆریستییە و سەرکۆنەی دەکەین

دوێنێ کاژێر 12:10
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا لە ئەنقەرە وەکو "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی پێشگرتن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئامادەیە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەنقەرە گوتی، ئێران تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانییەوە سەرکۆنە دەکات، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەڵ و حکومەت و بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکە دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەی ئەنقەرە بە رووداوێکی "تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی پێشگرتن و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی نامرۆڤانەی تیرۆر ئامادەیە."
 
رۆژی چوارشەممە 23-10-2024، لە ناوچەی کاهرامانکازان لە نزیک ئەنقەرە هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. دوای ئەوەی تەقینەوەیەک روویدا، شەڕە تەقە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێرشکارەکاندا روویدا.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 5 کەس لە هێرشەکەدا کوژران و 22 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، دوای هێرشەکە، هێزی تایبەتی جەندرمە و ئاسایش بەخێرایی ناوچەکەیان گەمارۆ دا و زوو هەردوو هێرشکارەکەیان کوشت. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هێرشکارەکان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن بووە.
 
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە. سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەم دەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە