prev
next
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپیی ئەمریکا دەڵێت، لە بۆردوومانی وڵاتەکەیان بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن، چەندین سەرکردەی بزووتنەوەکەیان کوشتووە. هەروەها بە ئێرانیان راگەیاندووە: "چیدیکە پشتگیریی لەو گرووپە یاخییە و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور نەکەن." حووسییەکانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 16-03-2025، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "لە راستیدا هێرشەکانی دوێنێ شەممە ژمارەیەک سەرکردەی حووسی کردە ئامانج و کوژران. ئێمە بە هێزێکی تووند و گەورە لێماندان، ئێرانیشمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
بۆردوومانەکەی دوێنێی ئەمریکا یەکەم بۆردوومان بوو بۆ سەر حووسییەکان، لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر کورسیی دەسەڵات. لە هێرشەکە لانیکەم 31 کەس کوژران و نزیکەی 101 کەسیش بریندار بوون.
ئەنیس ئەسباحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی یەمەن کە لە ژێر ئیدارەی حووسییەکانە گوتی: "زۆربەیان ژن و منداڵن."
حووسییەکان کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و زیاتر لە 10 ساڵە کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری یەمەنیان کردووە؛ لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا وەستاونەتەوە و دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور وەک ناڕەزایەتییەکە لە دژی جەنگی ئیسرائیل لە غەززە.
لەوکاتەوەی جەنگەکە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان بە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لەوکاتەوە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا 174 جار و کەشتییە بازرگانییەکان 145 جار هێرشیان کراوەتەسەر. ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەو رێڕەوە دروستکردووە کە 12٪ـی بازرگانیی ئاویی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی درێژی تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیەڵ)ـدا رووی دەمی لە حووسییەکان کرد و گوتی: "دەبێت لەمڕۆوە هێرشەکانتان بوەستن. ئەگەر وانەکەن، دۆزەخ وەکو باران بەسەرتاندا دەبارێت، بە جۆرێک کە پێشتر نەتاندیبێت."
حوسییەکان هەڕەشە دەکەن
دوای هێرشەکەی ئەمریکای، حووسییەکان بەڵێنیان دا "گرژی بە گژری" وەڵام دەدرێتەوە. هێرشەکان کرانەسەر سەنعای پایتەخت، سەعدە، بەیدا و رەدعا.
حووسییەکان گوتیان: "ئەم هێرشە بەبێ وەڵام تێناپەڕێت."
مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان رایگەیاند: "هێزەکانمان بەتەواوی بۆ رووبەڕووبووونەوەی گرژییەکان ئامادەن."
ماڵپەڕی ئەنساروڵڵای سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە: "ئەمە دڕندەییەکی تاوانکارانەیە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "واشنتن دەسەڵاتی ئەوەی نییە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیاریبکات."
'پەنجەی ئایەتوڵڵاکان لەسەر دوگمەی ئەتۆمی'
مانگی پێشوو ترەمپ نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد و پێشنیازی گفتوگۆی ئەتۆمی بۆکرد، گوتیشی ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، بابەتەکە "لە رێگەی سەربازەوە" چارەسەر دەکەن.
تاران گوتی، ئەگەر هەڕەشەیان لێبکرێت، دانوستاندن ناکەن.
لە پۆستەکەی ترووس سۆشیەڵدا ترەمپ باسی ئێرانیشی کرد: "بۆ ئێران: دەبێت دەستبەجێ پشتگیری بۆ حووسییە تیرۆریستەکان بوەستێت."
وۆڵتز لە هەڤپەیڤینەکە گوتی: "ناکرێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. هەموو بژارەیەکمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی رێگە لەم شتە بگرین."
گوتیشی: "ئەوان دەتوانن چەکەکان رادەستبکەن و وازی لێبهێنن، یانیش دووچاری چەندین دەرئەنجامی دیکە دەبن، بەڵام بەهەر جۆرێک بێت، ئێمە ناکرێت لە جیهانێک بژین کە ئایەتوڵڵاکان پەنجەیان لەسەر دوگمەی چەکی ئەتۆمی بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ