رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

سەربازێکی سووری وێنەی حەسەن نەسروڵا لە دیوارێک دەکاتەوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: AAREF WATAD/AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سێ سەربازی سووریا کەوتنە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنانی و لەسەر سنووری هەردوو وڵات کوژران.
رۆژی یەکشەممە 16-03-2025، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، سەربازەکان سەر بە لیوای عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبن، کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریایە.
ئەو سەربازانە، لە بۆسەیەکی چەکدارانی حیزبوڵڵادا کوژراون؛ بەپێی روانگەی سووری، "رووداوەکە لە خاکی لوبنان و لەنزیک رێگەی بەنداو بەرامبەر گوندی قەسری سنووری لەگەڵ لوبنان روویداوە. تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆئەوەی رادەستی دەسەڵاتدارانی سووریا بکرێن. هەروەها هێزەکانی سوپای لوبنان لەسەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سووریا بڵاوبوونەتەوە."
بەپێی سەرچاوەکان، کاتێک کەسێک لە لوبنانەوە دزەی کردووەتە ناو خاکی سووریا، شەڕ لەنێوان ئەندامانی هۆزە لوبنانییەکان و ئەندامانی لیوای عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب روویداوە، پاشان ئەندامانی لیواکە راکێشراونەتە ناو خاکی لوبنان و هەموویان کوژراون. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە روانگەی سووری دەڵێت دەستیان کەوتووە، یەکێکیان بە بەردباران کوژراوە.
قاچاخییەکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا و لوبنان دەکرێت، بەتایبەتی ناوچەکانی نزیک شارۆچکەی عەرسال، کە سەر بە ناوچەی بەقاعی لوبنانە لەنزیک سنووری سووریا.
لە کاتێکدا لە سنوورەکان هیچ بەربەست و هێزێکی ئەمنی نییە، ئەمە رێگەخۆشکەرە بۆ چەندین جۆر قاچاخچێتی لە ناوچەکەدا، لەوانەش ئامێری قورسی حکومەتی پێشووی سووریا دەدزرێن و دەفرۆشرێن، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی کارگەکان، تانک و ئامێری سەربازی و فرۆشتنیان لە لوبنان.
هاوکات، چەک لە کۆگەکانی قەلەموونەوە بە قاچاخ دەبرێن و لە عەرسال و ناوچەکانی دیکەی لوبنان دەفرۆشرێن، هەروەها کێبڵی مسی تەلەفۆن و کارەبا ئاودیوی لوبنان دەکرێن.
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی میدیایی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، گرووپێک لە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا لە رێگەی بۆسەیەکەوە سێ سەربازی سوپای سوورییان لە سنووری هەردوو وڵات لەنزیک بەنداوی زێتا لە رۆژئاوای حمس رفاند، پێش ئەوەی بیانبەنە ناو خاکی لوبنان کوشتوویانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ