هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: جموجووڵی داعش لە سووریا 55% و لە عێراق 68% کەمیکردووە

24-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، ئەمساڵ هێرشی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە لە سووریا و عێراق کەمیکردووە.
 
رۆژی دووشەممە 24-04-2023، ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەمبوونەوەی هێرشەکانی داعشمان بە رێژەی 68% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە عێراق تۆمار کردووە."
 
ئەو فەرماندە ئەمریکییە باس لەوەش دەکات، "بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، لە سووریا کەمبوونەوەی 55%ی هێرشەکانی داعشمان تۆمار کردووە."
 
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە کەمپی هۆل نیشتەجێن و خەڵکی هیچکام لە عێراق یان سووریا نین، مەکفارلان دەڵێت، 1300 کەسیان گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان.
 
کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانە و لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ نزیکەی 50 هەزار هاوژین و منداڵی ئەندامانی پێشووی رێکخراوی داعشی تێدا نیشتەجێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رژدە لەسەر گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شوباتی ئەمساڵدا راپۆرتێکی لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 5000 بۆ 7000 ئەندام و پاڵپشتیکاری داعش لە عێراق و سووریان، کە نزیکەی نیوەیان ئامادەن شەڕ بۆ داعش بکەن.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کرابوو، داعش لە عێراقدا زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکاندا جموجووڵی هەیە و لەوێوە هەوڵی خۆبەهێزکردنەوە دەدات.
 
لە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوەش باس کرابوو، ئەو پارەیەی داعش لە بەردەستیایەتی نزیکەی 25 ملیۆن بۆ 50 ملیۆن دۆلارە و هەوڵدەدات بە رێگەی جیاواز پارەی زیاتری دەستبکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە