رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیتاڵیا دەڵێن، بە دوو مووشەک "هێرشکراوەتە سەر" هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) لە لوبنان و چوار سەربازی ئیتاڵی برینداربوون.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەوپەڕی نیگەرانییەوە، هەواڵی هێرشی نوێ بۆ سەر بارەگەی ئیتاڵیی هێزی یونیفیڵ لە باشووری لوبنانم پێگەیشت، کە بووەتە هۆی برینداربوونی چوار سەربازمان."
هەروەها مێلۆنی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو هێرشانە قبووڵکراو نین" و داواشیکرد، "هەموو لایەنەکان (ئیسرائیل و حیزبوڵڵا) گەرانێتی سەلامەتی سەربازانی یونیفیڵ بکەن و بەخێرایی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانە بکەن کە بەرپرسانی رووداوەکەن."
هەرچەندە مێلۆنی هیچ کەسێکی بە هۆکاری رووداوەکە تۆمەتبار نەکرد، بەڵام ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێت، "پێدەچێت هێرشەکە" لەلایەن حیزبوڵڵاوە کرابێت.
تایانی گوتیشی، "پێدەچێت دوو مووشەک ئاراستە کرابن، گومانەکان بۆ ئەوەن کە حیزبوڵڵا ئاراستەی کردبن."
گویدۆ کڕزێتۆ، وەیزی بەرگریی ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە جۆری مووشەکەکە کرد و گوتی، هەردووکیان لە جۆری "122 mm BWWN"ن.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هیچیان لەسەر رووداوەکە نەگوتووە.
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نزیکەی 10 هەزار سەربازی چەندین وڵات، پاسەوانی لە سنووری لوبنان دەکەن کە ئێستا کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانی و زەوینیی ئیسرائیل.
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە یونیفیڵ کردبوو، پێگەکانی چۆڵبکات و 5 کیلۆمەتر بکشێتەوە دواوە، بەڵام هێزەکە داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، شوینەکەیان چۆڵ ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ