ئیسرائیل دەیەوێت بەم پلانە رێگە لە مووشەکەکانی حیزبوڵڵا بگرێت

دوێنێ کاژێر 01:22
لهۆن نەسرەدین
لە ئاسمانەوە ئیسرائیل بە بەردەوامی سێ ناوچەی لوبنان بۆردوومان دەکات
لە ئاسمانەوە ئیسرائیل بە بەردەوامی سێ ناوچەی لوبنان بۆردوومان دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە 22 رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەوینی، سوپای ئیسرائیل بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، کەم کەم لە باشووری لوبنان دەچێتە پێشەوە.
 
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "هێزی ئاسمانیمان بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی پێگەی تیرۆریستانی حیزبوڵڵا، هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکەوە توانیویەتی بچێتە نێو باشووری لوبنان و پێگەکانی تۆکمە و تووند بکات." 
 
سوپای ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتەوە عدێسەیان لە لوبنان کۆنترۆڵکردووە و بەرەو تیبە دەڕۆن، کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.  
 
سوپاکە ماروون راسیشی کۆنترۆڵکردووە و بەرەو بنت جبەیل پێشڕەوی دەکات، کە نزیکەی 4 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. ناوچەی رمێش 2 کیلۆمەتر دوورە و لە دوو لاوە گەمارۆ دراوە.
 
لەوپەڕی باشووری رۆژئاوای لوبنانیش، ناوچەی ناقوورە کە 3 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، خەریکە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی دەکات.
 
ئامانجی ئیسرائیل دوورخستنەوەی حیزبوڵڵایە بۆ ئەوبەری رووباری لیتانی کە 40 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، بەو جۆرە لە مووشەکە کورت و مامناوەندەکانی حیزبوڵڵا پارێزراو دەبێت.
 
لە ئاسمانیشەوە ئیسرائیل بە بەردەوامی سێ ناوچەی لوبنان بۆردوومان دەکات کە پێکدێن لە باشووری لوبنان، بیقاع لە رۆژهەڵات و زاحییە لە باشووری بەیرووت، بەجۆرێک ئەمەی دوایی بەشێكی وەک غەززە وێران بووە.
 
ئەم ناوچەیەی ئیسرائیل بۆردوومانیان دەکات شوێنی حیزبوڵڵا و لایەنگر و دامەزراوەکانیەتی؛ لە نێویاندا بانکی " قەرزولحەسەنە"ـی حیزبوڵڵای لوبنان، کە بە گوتەی ئیسرائیل بە رواڵەت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی هەژارە، بەڵام لە ژێرەوە بۆ پارەدارکردنی حیزبەکەشە.
 
بانکی قەرزولحەسەنە لە 1982ـوەوە دامەزراوە و 31 لقی لە زاحییە و باشووری لوبنان و ناوچەی بیقاع هەیە، ئیسرائیل 30ـیانی بۆردوومانکردووە. 
 
هێرزی هالیڤی، سەرۆکئەرکانی ئیسرائیل لە نوێترین گرتەی ڤیدیۆیی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەردەکەوێت و، دەڵێ "نزیکەی 30 لقی دامەزراوەی بانکی حیزبوڵڵامان لە سەرانسەری لوبنان بۆردوومانکرد، قەرزولحەسەنە ناوەندێكە کە لە ئێرانەوە پارەی بۆ دێت و بەکاریدەهێنێت، دواجار تیرۆری حیزبوڵڵای پێ پارەدار دەکات." 
 
لە گۆڕستانێکی تێل ریگیڤی ئیسرائیل، کە 37 کیلۆمەتر کە سنووری لوبنانەوە دوورە، زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبیسترێت؛ مووشەکەکانی حیزبوڵڵا بە ئاسمانەوە دەتەقێندرێنەوە و بەشێکیان دەکەونە خوارەوە، قوربانیش هەن؛ ئەمەش دیمەنی ژیانی رۆژانەی ئیسرائیلییەکانی نزیک لوبنانە و پێناچێت بەمزووانە شەڕەکە کۆتایی بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە