رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، دوو پێگەی ئیسرائیلیان لە دەوروبەری شاری تەلئەڤیڤ بۆردوومان کردووە، لە نێویاندا بنکەیەکی هەواڵگری.
بزووتنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە گورزە مووشەکێک، بنکەی یەکینەی 8,200ی هەواڵگری سوپای ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
ئەوە دووەم جار بوو لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا حیزبوڵڵا رایبگەیێنێت کە هێرشی کردووەتە سەر ئەو بنکە هەواڵگرییە، دوای ئەوەی کە شەوی دووشەممە بۆ یەکەمجار بە ئامانجگرتنی بنکەکەی راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، حیزبوڵڵا پێگەیەکی دیکەی لە دەوروبەری شاری تەلئەڤیڤ بە مووشەک کردووەتە ئامانج.
هاوکات، رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەایند، 20 مووشەک لە لوبنانەوە بە ئاراستەی تەلئەڤیڤ و جەلیلی سەروو و باکووری گۆلان هاوێژراون.
هەروەها پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لە تەلئەڤیڤ پاشماوەی ئەو مووشەکانە کەوتوونەتە خوارەوە کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە بەرپەرچدراونەتەوە.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات، مووشەکێک کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوو، لە ناوچەی قیساریا لە باشووری حەیفا کەوتووەتە خوارەوە.
دوای هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل باری لەناکاوی لە تەلئەڤیڤ راگەیاند.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 230 شوێنیان لە لوبنان و غەززە بۆردوومانکردووە.
شەوی رابردوو، چەند کاژێریکی کەم دوای ئەوەی کە ئەیمس هۆکشتاین، نێردەی ئەمریکا لە بەیرووت رایگەیاند، واشنتن داوا دەکای "بە زووترین کات" کۆتایی بە شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بهێنرێت، پایتەختی لوبنان بە تووندی لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆردوومانکرا.
بە گوێرەی دامودەزگەکانی لوبنان، شەوی رابردوو، ئیسرائیل 13 هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر باشووری بەیرووت، یەکێک لەوانە بەر نزیک گەورەترین نەخۆشخانەی حکومیی وڵاتەکە کەوت کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس، لە نێویاندا منداڵێک.
رۆژی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لە رۆژی یەکشەممەوە 300 "پێگەی حیزبوڵڵا"یان لە لوبنان بۆردوومانکردووە.
ئیسرائیل بۆردوومانەکانی فراوانکردووە بۆ ئەوەی بانکی "قەرز حەسەن" بگرێتەوە کە تۆمەتبارە بە گواستنەوە و سپیکردنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ