رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕ 96 ساڵ غەززەی گەڕاندووەتەوە دواوە و هەژاری 100٪ـە.
بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەژاری لە فەلەستین دوو هێندە زیاد دەبێت و دەگاتە 74.3٪.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، کاریگەرییەکانی شەڕی غەززە پێشکەوتنی کەرتەکەی 69 ساڵ گەڕاندووەتەوە دواوە.
نۆگوچی چیتۆس، جێگری نێردەی تایبەتی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەلەستین دەڵێت، بەپێی هەندێک خەمڵاندنیان، هەژاری لە غەززە لە 100٪ نزیکدەبێتەوە، بێکاریش گەیشتووەتە 80٪.
بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل 42 ملیۆن تۆن خاشاک و پاشماوەی لە غەززە دروستکردووە، ئەوەش مەترسیی تەندروستیی گەورەی دروستکردووە.
ئاخیم ستاینەر، سەرۆکی بەرنامەکە دەڵێت، "لێکەوتە هەنووکەییەکانی شەڕ زۆر گەورەن. نەوەک تەنیا داڕمانی ژێرخان [ـی فەلەستین]، بەڵکو بژێوی و لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتیشی گرتووەتەوە".
ستاینەر رایگەیاند، "لە رووی رێڕەوی پێشکەوتنەوە، ئاستی وێرانکارییەکان ساڵانێک فەلەستینی گەڕاندووەتەوە دواوە، ئەگەر چەندین دەیەش نەبێت".
ئاژانسەکە دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا هەژاری 38.8٪ بوو. ئەم ساڵیش 2 ملیۆن و 610 هەزار فەلەستینی دیکە هەژار بوون، بەوەش کۆی ئەو فەلەستینییانەی هەژارن بۆ 4 ملیۆن و 100 هەزار کەس زیادبووە. رێژەکەش لە کۆتایی ساڵدا دەگاتە 74.3٪.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنانەت ئەگەر هەموو ساڵێکیش هاوکاریی مرۆیی دابین بکرێت، هێشتا گەڕانەوەی ئابووریی فەلەستین بۆ ئاستی پێش شەڕ 10 ساڵ یان زیاتر دەخایەنێت.
سەرۆکی بەرنامەی پەرەپێدان دەڵێت، بووژانەوەی ئابووریی فەلەستین پێویستی بە هاوکارییە لە رووی بونیادنانەوەی سەرمایەی لەنێوچوو و ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی کە هەیە.
ستاینەر گوتی، بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا و بەر لە دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل، ئابووریی فەلەستین 35٪ پاشەکشەی کردووە. ئاستی پێشکەوتنی غەززەشی بۆ ساڵانی 1950 گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ