رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڵێسەی ئاگری جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکە لەوەی وەک بەرمیلە بارووتێک بە تەواوی گڕبگرێت. لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، رۆژ دوای رۆژ، ناوچەکە زیاتر لە جەنگێکی فراوان نزیک دەبێتەوە.
تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تابلۆیێک بوو لە ئاگر؛ هێرشێک لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بووە هۆی کوژرانی 5 پاسداری ئێران و ژمارەیەک سەربازی سووریا. ئێران دەڵێت ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە.
ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان و سەرکردەیەکی حیزبوڵڵای کوشت.
هەر لەو 24 کاژێرەدا، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران، لانیکەم بە 15 مووشەک هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، 13ـیان بەرپەرچدرانەوە و دووانیان بە بنکەکە کەوتن و، بوونە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی، ئەمە وەک بەرپرسانی ئەمریکی باسی دەکەن.
ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن، کە بە گوتەی خۆی مووشەکێکی دژەکەشتیی حووسییەکانی تێکشکاندووە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکات پێش ئەوەی، بڵێسەکەی پەلبهاوێژێت.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "پێویستە هەرچیمان لەدەست بێت، بیکەین بۆ ئەوەی رێگری لە پەلهاویشتنی ئەم ململانێیە بۆ سەرانسەری ناوچەکە بکەین، لە کەرتی رۆژئاوا، لە هەردوو لای هێڵی شینی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، لە سووریا، عێراق و دەریای سوور."
بەرپرسێکی پارتی کۆماریی ئەمریکاش دەڵێت، بۆ وەستاندنی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە، پێویستە واشنتن گوشاری راستەوخۆ بخاتە سەر تاران.
دەیڤ واڵاس، ئەندامی پارتی کۆماری باس لەوە دەکات "ئەمە جەنگێکە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبردرێت و لەلایەن رووسیا و چینەوە پشتیوانیی دەکرێت لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، لەنێویاندا کوردستان و خەڵکی باشی عێراق. کاتی ئەوە هاتووە لەسەریان تووندی بکەین."
ئەو بەرەیەی خۆی بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنێت، کە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، دەڵێن، هێرشەکانی ئەوان بە کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کۆتاییان دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ