رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

دوو چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە خان یونسی غەززە چاودێری رادەستکردنی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بە خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکەن. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە کۆببنەوە، مەبەستیان پێشکێشکردنی پلانێکە بۆ قۆناخی داهاتووی کەرتی غەززە وەکو پلانێکی جێگرەوە بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ کە 'ئەمریکا سەرپەرشتی کەرتی غەززە بکات و فەلەستینییەکانی بۆ وڵاتانەی ناوچەکە بگوازێتەوە'.
رۆژی هەینی، 21ی شوبات، لە سعودیە، لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت و مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، داهاتووی غەززە و تاوتوێکردنی پلانێکی جێگرەوەیە بۆ پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا.
بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسایان راگەیاندووە، وڵاتانی عەرەبی بە پلانەکەی ترەمپ تووڕە بوون، بەڵام لەنێوخۆشیان بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی قۆناخی داهاتووی غەززە و هەروەها لەبارەی چ لایەنێک حوکم و ئیدارەی ئەو کەرتە بکات، لەگەڵ چۆنێتی دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە.
عومەر کەریم، کە پسپۆڕە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، ئەو لووتکەیە بە یەکێک لە گرنگترین لووتکەکانی وڵاتانی عەرەبی دادەنرێت لە چەند دەیەی رابردوودا، بەتایبەتی لەپرسی فەلەستین دا.
لە سەرەتای ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووڕە کرد، کاتێک رایگەیاند: "ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا دەگرێت و خەڵکەکەشی دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی کەرتەکە وەکو میسر و ئوردن."
سەرچاوەیەک لە حکومەتی سعودیە بە ئەی ئێف پی راگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لەو لووتکەیە، سەرکردەکانی عەرەب "باسی پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بکەن وەکو پلانێکی جێگرەوە بۆ پلانەکەی ترەمپ."
لە 11ی شوبات، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، رایگەیاند، لەداهاتوویەکی نزیکدا میسر پلانێک لەسەر داهاتووی ئەو کەرتە پێشکێش دەکات. سەرچاوەکەی حکومەتی سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە، لە لووتکەکەی رۆژی هەینی "پلانەکەی میسر تاوتوێ دەکرێت."
لە سەرەتادا، بڕیاربوو لە لووتکەکە تەنیا نوێنەرانی، سعودیە، میسر، ئیمارات، قەتەر و ئوردن بەشداربن، بەڵام دواتر فراوانتر کرا بە بەشداریپێکردنی هەر شەش وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، دەسەڵاتی فەلەستین و عێراق، بەڵام عێراق هێشتا راینەگەیاندووە کێ نوێنەرایەتی دەکات لەو لووتکەیە.
هێشتا حکومەتی میسر وردەکاریی پلانەکەی غەززەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام محەممەد حیجازی، دیپلۆماتکاری پێشووی میسری رایگەیاندووە، بریتییە لە سێ قۆناخ و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەخایێنێت.
قۆناخی یەکەم بۆ شەش مانگە و سەرنج لەسەر ئاوەدانکردنەوە کەرتی غەززە دەبێت. لەو قۆناخەدا، ئامێری گەورە و شۆفڵ و بلدۆزەر رەوانەی غەززە دەکرێن بۆ لابردنی داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی کەرتەکە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی جەنگە 15 مانگییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، نزیکەی لەسەدا 70 باڵەخانەکانی غەززە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
دواتر، چەند ناوچەیەکی ئارام لەنێو کەرتی غەززە دیاری دەکرێن بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان تاوەکو کارەکان تەواو دەبن و بۆ ژیان شیاو دەبن.
قۆناخی دووەم بریتی دەبێت لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی پلانێکی پڕ لە وردەکاریی لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی تەواوی کەرتەکە.
قۆناخی سێیەمیش بریتی دەبێت لە پلاندانان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و یەکە پەروەردەیی و تەندروستییەکانی غەززە.
رۆژی سێشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەرجی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەی بە زیاتر لە 53 ملیار دۆلار خەمڵاند و بۆ سێ ساڵی یەکەمیش پێویستی بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە.
دوا قۆناخیش بریتی دەبێت لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی.
بەرپرسێکی باڵای وڵاتێکی عەرەبی، رایگەیاندووە، "گەورەترین بەربەست بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی میسر، دابینکردنی هاوکارییە داراییەکەیە. هەندێک وڵاتی وەکو کوێت هاوکاری دارایی دابین دەکەن بۆ هۆکاری مرۆیی، بەڵام وڵاتانی دیکەی کەنداو، ئەوەی هاوکاریی دابین بکەن هەندێک مەرجیان دەبێت."
هەروەها ئەو بەرپرسە عەرەبییە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر قەتەر و میسر دڵنیایی نەدەن لەبارەی داهاتووی حەماسەوە، سعودی و ئیماراتییەکان هیچ هاوکارییەک پێشکێش ناکەن.
کەرتی غەززە لەساڵی 2007ـەوە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراوە و بەرپرسانی میسری رایانگەیاندووە، پلانەکەیان بریتی دەبێت لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی بێلایەن کە لە هیچ لایەنێکی فەلەستینییەوە نزیک نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ