رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا رایگەیاند، قبووڵ ناکەن هیچ پارچەیەک لە خاکی سووریا جیابکرێتەوە. هەروەها رازی نابن و قبووڵیشی ناکەن هیچ پارچەیەکی خاکی سووریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق بێت.
عوبەیدە ئەرنائوت، گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا لە حکومەتی راگوزەر، کە لەلایەن دەستەی تەحریری شام پێکهێندراوە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، بێژەر و پێشکێشکاری رووداو، باسی لە پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر و نووسینەوەی دەستوور دەکات و دەڵێت، ئێستا لە قۆناخی دانانی پێوەرەکانن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی، ئەرکی نووسینەوەی دەستووریان پێدەسپێردرێت.
گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا لەبارەی بەشداری پێنەکردنی کورد لە حکومەتی راگوزەردا گوتی: " کورد لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشکرابوون، بەڵام ئێمە وەک خاوەنی مافێک سەیریان دەکەین کە دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عوبەیدە ئەرنائوت، گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا لە حکومەتی راگوزەر:
رووداو: سوپاس، با لەم پرسەوە دەستپێبکەین. ماوەی حکومەتی راگوزەر سێ مانگە، ئایا لەم ماوەیەدا لیژنەکانی نووسینەوەی دەستوور پێکدەهێنرێن؟
عوبەیدە ئەرنائوت: سڵاو لە ئێوە و هەموو بینەرانی بەڕێز. دوای چوونە نێو دیمەشق، رژێمی ئەسەد کۆتایی هات و ناگەڕێتەوە، شۆڕشی سووریا سەرکەوت و سووریا چووە قۆناغێکی نوێوە کە ناونیشانی ئەم قۆناخە "دەوڵەتی دامەزراوە، یاسا و دادپەروەرییە". دەوڵەتی دامەزراوە، کە خزمەتی هاووڵاتییانی سووریا دەکات و بە تەواوی بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆی رادەپەڕێنێت. دەوڵەتی یاسا کە هەر کەسێک هەرچەندە پۆست و پلەی باڵای هەبێت، ناتوانێت یاسا ببەزێنێت و ناتوانێت وەکو سەردەستە لەگەڵ خەڵکی سووریادا هەڵسوکەوت بکات وەک بڵێی سووریا مەزرای ئەو بێت، وەک چۆن رژێمی ئەسەد پێشتر وابوو. هەروەها دەوڵەتی ئازادی و شکۆیە کە ئازادی و شکۆ لە هاووڵاتییانی سووریا وەرگیرابوو دەیگەڕێنێتەوە. لە رۆژانی سەرەتا، دوای رزگارکردنی دیمەشق کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیرەکانی رژێم و وەزیرەکانی شۆڕش لە حکومەتی رزگاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات و دەستپێکردنی قۆناخی بەڕێوەبردنی کار کرا. بەڵام لەسەر ئاستی یاسادانان، لیژنەیەک لە پسپۆڕانی بواری کاروباری یاسایی و دەستووری پێکدەهێنرێت کە سووری بن و بە ئەزموون، نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی ناسراوبن. ئەم لیژنەیە دەستوور لە نوێوە هەڵدەسەنگێنێت و چاکسازی تێدا دەکات.
رووداو: کەی ئەو لیژنانە پێکدەهێنرێن؟
عوبەیدە: پێکدەهێنرێن. ئێستا قۆناخی دانانی پێوەرەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسانەیە. ئێوە دەزانن باسی دەستوور دەکەین. باسی کارێک دەکەین کە کاریگەری لەسەر شێوەی سووریای داهاتوو دەکات. بۆیە دەبێت وردبینی و گرنگیدانێکی زیاتر بە هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییانە هەبێت، کە بمانگەیێنێتە بەرهەمهێنانی شێوازێکی نوێ کە لەگەڵ کولتووری گەلی سووریا بگونجێت و پێکهاتەکانی سووریا لەبەرچاو بگرێت و رێککەوتنی سووریا لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی و نێودەوڵەتی پێکبهێنێت.
رووداو: بەپێی گفتوگۆکانی ئێوە لە ناوخۆ و لەگەڵ وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان، کەی هەڵبژاردن دەکرێت؟
عوبەیدە: هێشتا زووە باس لەم بابەتە بکرێت. دەبێت دوای پێکهێنانی لیژنەی دەستوور، کات بدەین، بۆ ئەوەی ئەم لیژنەیە جارێکی دیکە سەیری دەستوورەکە بکاتەوە و چاکسازی تێدا بکات. ئەم پرسە زۆر هەستیارە و دەبێت دەبێت کاتی پێویست بدەین بە ئەوان، تاوەکو لە نێوان خۆیاندا خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە بکەن، تاوەکو بگەنە ئەنجامێک کە ئامانج و خواستەکانی گەلی سووریا بێنێتەدی.
رووداو: پێش رووخانی رژێم لە سووریا چوار بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز هەبوون. چۆن ئەم هەموو بەڕێوەبەرایەتیانە کۆدەکرێنەوە؟
عوبەیدە: مەبەستت بە دروستی چییە؟ ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە چین؟
رووداو: حکومەتی رژێم هەبوو، حکومەتی راگوزەر، حکومەتی کاتی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا؟
عوبەیدە: ئێمە ئێستا باسی نەخشەی تەواوی سووریا دەکەین. ئێمە قبووڵ ناکەین هیچ پارچەیەک لە سووریا جیابکرێتەوە. هەروەها رازی نابین و قبووڵیش ناکەین هیچ پارچەیەکی خاکی سووریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق بێت. بۆیە سووریایەکی یەکگرتوو دەبێت و یەک حکومەت دەبێت، ئەویش ئەو حکومەتەیە کە لە ئایندەیەکی نزیک پێکدەهێنرێت.
رووداو: کورد نەتەوەی دووەمن لە سووریا، بۆچی حکومەتی راگوزەر بەبێ راوێژ بە کورد و نوێنەرایەتیی کورد لەو حکومەتە پێکهێنرا؟
عوبەیدە: ئێمە هەر پێکهاتەیەک لە پێکهاتەی گەلی سووریا وەک هاوبەشی خۆمان لە وڵات دەبینین، هەروەها هاوبەشی ئێمەن لە بونیاتناندا. کورد لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشکرابوون. بەڵام ئێمە وەک خاوەنی مافێک سەیریان دەکەین، کە دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە، وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی گەلی سووریا، ئێمە دەمانەوێت مافی هاووڵاتییبوون بەهێز بکەین و مرۆڤ لەسەر خاکی سووریا وەک هاووڵاتی سووری بژی، بەبێ رەچاوکردنی نەژاد یان ئیتنیک.
هەر هاووڵاتییەکی سووری مافی هەیە و ئەرکی لەسەرە وەک هەر هاووڵاتییەک لە هەر دەوڵەتێک، بەڵام باسی قۆناخی دەستکەوتەکان دەکەین. ئەم قۆناخە پێویستی بە وەزارەتێک هەبوو کە کار و هەماهەنگی و گونجان لە نێوانیاندا هەبێت تاوەکو هیچ کەلێنێک لە بواری کاری دامەزراوەیی یان خزمەتگوزاری نەبێت، بۆیە بۆچوون ئەوە بوو کە وەزارەتەکانی حکومەتی راگوزەر ئەو وەزارەتانە بن کە ئەم قۆناخە بەڕێوەببەن، بۆ ئەوەی بتوانین ئەرکی ئەم قۆناخە جێبەجێ بکەین. ئێمە باسی دامەزراوە گەورەکان دەکەین. باسی سووریایەک دەکەین لەگەڵ ملیۆنان هاووڵاتی کە پێویستی بە هەماهەنگی و گونجاندن هەیە لە نێوان وەزارەتەکان کە دەیانەوێت کار بکەن. هەر بڕیارێک لە هەر وەزارەتێک دەربچێت دەرئەنجام و کاریگەری و یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە، بۆیە پێویستی بە گونجاندن و هاوئاهەنگی هەیە بۆ ئەوەی بە وێنەیەکی شایستە لەم قۆناخە دەرچین کە روانینێکی باش لە شۆڕشی سووریا بدات و توانای بەڕێوەبردنی هەبێت لە یەکەم رۆژی وەرگرتنی دەسەڵاتدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ