رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەڵەیەکی گەورەیان کردووە، ئەگەر پێیان وابێت، سەنگەری بەرخۆدان بە سەرۆکایەتیی تاران لە سووریا کۆتاییهاتووە"، دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد.
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنانی ئەو وڵاتە باسی دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد و گوتی، "رژێمی زایۆنی و ئەمریکا بە هاوکاریی هەندێک لایەنی دیکە بەردەوامن لە کردەوە تاوانکارییەکانیان لە ناوچەکە."
خامنەیی گوتی لە پەیامەکەیدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە "هەڵە" دەزانێت و دەڵێت، "بەو هەنگاوەی کە لە سووریا نرا و لەگەڵ بەردەوامیی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا و هاوکاریی لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوان، دوژمنان پێیانوابوو کە پرسی مقاومە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوان زۆر هەڵەن."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی، "رژێمی زایۆنی لە خەیاڵیدا لە رێگەی سووریاوە خۆی بۆ گەمارۆدان و لەناوبردنی حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە دەکات، بەڵام ئەوەی لەناو دەبرێت و بنبڕ دەکرێت ئیسرائیلە."
عەلی خامنەیی هەروەها جەختی لە سەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە فەلەستینییەکان کردەوە.
لەدوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ئەمە دووەمین پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە
لە پەیامی پێشووتردا رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە پیلانگێڕی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: "وڵاتێکی دراوسێی سووریاش دەستی لە رووخاندنی ئەسەد هەبووە."
بەیانییەکی زووی رۆژی 08-12-2024 هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە بە (هەتەشە) ناسراون، گەیشتنە دیمەشق و شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد و حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان رووخاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ