رووداو دیجیتاڵ
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا دۆزرانەوە، ئەوەش دەرخەری ئەشکەنجە و کوشتنی رێکخراوە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دا. تەزاموون یەکێکە لەو گەڕەکانەی سەربازانی ئەسەد بە ئاشکرا خەڵکیان تێیدا کوشتووە.
لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو گەڕەکە، رووفاتی ژمارەیەک کورد هەن، بۆیە بەشێک لە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان کە کەسوکارە بێسەروشوێنبووەکانیان هێشتا چارەنووسیان دیار نییە، لەو گەڕەکە بەشوێن بەڵگەیەکدا دەگەڕێن تاوەکو هیچ نەبێت رووفاتەکانیان ببیننەوە.
ئێسکوپرووسکی مرۆڤ لەنێو باڵەخانە رووخاوەکانی گەڕەکەکە هەن، بەشێکیان ئاماژەی ئەوەیان پێوەیە کە سووتێندراون. چەند شایەتحاڵێک لە گەڕەکەکە بە رووداویان گوت، لەدوای ساڵی 2022ـەوە کاتێک گوێیان لە دەنگی تەقەی هێزەکانی رژێم دەبوو لەو گەڕەکە، دواتر بۆنی سووتاویی گۆشتیان کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی دەکوژران، دواتر ئاگر لە تەرمەکانیان بەردەدرا.
ئەحمەد هیشام، خەڵکی گەڕەکەکەیە و وەکو شایەتحاڵێک قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: "خۆم بینیومە کە چەندین جار خەڵکیان هێناوە و لێرە کوشتوویانە، لەوانە دوو برای خۆم، هەروەها چەندین کوردم بینیوە کە لێرە کوژراون و گومانم نییە لەوەی لەم گۆڕە بەکۆمەڵانەدا کورد هەن."
ئێستا هێزەکانی دەستەی تەحریر شام رێگە نادەن گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە، چاوەڕوانی لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە پیشەیی کاری خۆیان بکەن و پشکنینی پێویست بۆ رووفاتەکان بکەن تاوەکو ناسنامەیان ئاشکرا دەبێت. هەروەها روونی بکەنەوە کە ئەوەی روویداوە کۆمەڵکوژییە.
فاتیمە حەسەن، لە ساڵی 2013 هێزەکانی ئەسەد لەپێش چاوی خۆی و منداڵەکانی هاوژینەکەیان برد و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە، بە رووداوی گوت، "تاوانی هاوژینەکەم تەنیا ئەوە بوو کە کورد بوو، تائێستا بێسەروشوێنە و هاتووم بۆ ئەوەی بزانم مردووە یان نا."
فاتیمە دایکی سێ کچە کە دووان لە کچەکانی باوکی خۆیان نەبینیوە. ئەوە بۆ ئەوەی هەواڵێکی لەبارەی چارەنووسی هاوژینەکەی دەستبکەوێت، لە دیمەشق ماوەتەوە و جێی نەهێشتووە.