رووداو دیجیتاڵ
لە جەبالیای غەززە کارەبا و ئاو نییە. ئاوەڕۆش هەموو گەڕەک و کۆڵانە وێرانبووەکانی داپۆشیوە؛ بە درێژایی 14 رۆژی رەمەزان، ئیسرائیل هەموو رێگەکانی داخستووە و ناردنی خۆراک، سووتەمەنی و کەرەستەی پێویستی قەدەخە کردووە.
مازن نەجار، سەرۆک شارەوانی جەبالیا دەڵێت: "داخستنی دەروازەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر خزمەتگوزارییەکان دەبێت لە نێویاندا پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان. ئێمە داوا دەکەین گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتی داگیرکار بۆ کردنەوەی دەروازەکان و هاتنی هاوکارییەکان".
قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە لە 1ی ئەم مانگە کۆتایی هاتووە و هێشتا دەست بە قۆناخی دووەم نەکراوە.
حەماس دەڵێت ئیسرائیل لە رێککەوتنەکە پاشگەز بووەتەوە و کردنەوەی دەروازەکان و دەستکردن بە قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە بە مەرجی ئازادکردن و رادەستکردنی نیوەی بارمتە زیندوو و مردووەکان بەستووەتەوە.
حەماس دەڵێت بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت سەرەتا دەست بە گفتوگۆ بکرێت، ئینجا دواتر ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە و بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.
لە تەلئەڤیڤ دژ بە نەتەنیاهوو و کابینەکەی خۆپیشاندان کرا.
ساچار مۆر، خۆپیشاندەر دەڵێت: "رۆژ دوای رۆژ ژیانی بارمتەی زیاترمان دەکەوێتە مەترسییەوە، تەرمی ئاڤراهامی پوورزام لای حەماسە و ئەگەر دەست بە گفتوگۆکان نەکرێتەوە ئەوانەی دیکەش دەبنە قوربانی".
پێشبینی دەکرێت هێشتا 24 بارمتە و 35 تەرم لای حەماس مابن.
هەندێ سەرچاوەش باس لەوە دەکەن، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێشخەرییەکی نوێی خستووەتەڕوو، ئەویش درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست بۆ چەند هەفتەیەک لە بەرامبەر ئازادکردنی 5 بارمتە و رادەستکردنی تەرمی هەشتیان.
هاوکات، ئیسرائیل پلانی سەربازی ئامادەکردووە و هەڕەشەی دەستکردنەوە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر غەززە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ