رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەبهای سعودیە دەکات کە بەهۆیەوە 12 کەس برینداربوون.
مەسرور بارزانی لە تویتەکەیدا کە رۆژی پێنجشەممە 10-2-2022 بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی ئەبها دەکەم. لە زیادبوونی ئەم دواییەی هێرشە درۆنییەکان نیگەرانم، بەتایبەتی لەوانەی دەکرێنە سەر شوێنە سڤیلەکان. بیرم لای خەڵک و حکومەتی سعودیەیە."
بە گوێرەی هاوپەیمانیی عەرەبی کە سعودیە سەرکردایەتیی دەکات، لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممەدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبها، 12 کەس برینداربوون.
یەحیا سەريع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، ئەوان ئامانجێکی سەربازییان لە فڕۆکەخانەی ئەبها بە درۆن پێکاوە.
هاوپەیمانیی عەرەبیش هۆشداری بە خەڵکی سڤیلی شاری سەنعای پایتەختی یەمەن دا کە لە 72 کاژێری داهاتوودا خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە حوسییەکان بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریاندەهێنن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە لە تۆڵەی هێرشە درۆنییەکەدا، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەکان ئەنجامدەدەن.
هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاند، هاتووچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ئەبهای سڤیل ئاسایی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ