د. عادل باخەوان: سوپای ئیسرائیل و مۆساد تووشی گەورەترین شکست بوون

09-10-2023
ئەحمەد حەمید
د. عادل باخەوان
د. عادل باخەوان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق، لەبارەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت، ئەو هێرشانە ئیسرائیلی تووشی شکستێکی گەورە کردووە، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی حەماس بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت، چونکە یەکەمجارە هێزە عەرەبییەکان بتوانن شەڕ ببەنە نێو ماڵی ئیسرائیل و بەهێزترین سوپای ناوچەکە تووشی گەورەترین شکست بکەن.
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق لە بووڵتەنی کاژێری 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "یەکەمجارە ئیسرائیل لەسەر خاکی خۆی هێرشی بکرێتە سەر، ئەوەش هاوشێوەی 11ـی سێپتێمبەرە کە ئەمریکا لەسەر خاکی خۆی هێرشی کرایە سەر و ژمارەیەکی زۆری قوربانی دا، یەکەمجارە هێزە عەرەبییەکان بتوانن شەڕ ببەنە نێو ماڵی ئیسرائیل، ئێستا جگە لە زۆریی ژمارەی قوربانییەکان، ژمارەیەکی زۆر دیلی ئیسرائیلی هەن لە جەنگەکەدا، کە ئەوەش گرفتێکی گەورە دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە پێشتر ئیسرائیل ئامادەبوو هەزاران دیل ئازاد بکات لەبەرامبەر دیلێکی ئیسرائیلی.
 
د. عادل باخەوان پێیوایە، ئەو هێرشەی چەکدارانی حەماس بووە هۆی ئەوەی گەورەیی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل و دەزگە هەواڵگرییەکەی تێکبشکێت، ئێستا ئیسرائیل خۆی وەکو پڵنگێکی بریندار دەبینێت، ئەوەی روویدا 11ـی سپتێمبەرێکی تراژیدییە بۆ ئیسرائیل، ئیسرائیل ناتوانێت هاوشێوەی ئەمریکا وڵاتان دابەشبکات بەسەر یار و نەیاردا، چونکە جوگرافیا و دەسەڵات و هێزی ئەمریکای نییە.
 
باسی لەوەشکرد: ئیسرائیل دەبێت بەرەی جەنگەکەی تەنیا لەگەڵ حەماسدا بێت و نابێت کارێک بکات بەرەی دیکەی شەڕی گرووپە چەکدارەکان لە خۆی بکاتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدا و ئیسرائیل بەرەی شەڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان فراوان بکات مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر سەخت دەبێت و کارەساتێکی گەورە رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە، ئەگەر ئەمریکا و ئێرانیش بێنە ناو شەڕەکەوە ئەوا کارەساتێکی گەورەتر رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە.
 
سەبارەت بە بەشداریی هاوپەیمانەکانی حەماس لە شەڕەکەدا، د. عادل باخەوان، گوتی، "میلیشیاکانی دیکە لە لوبنان، عێراق و سووریا تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامە دەرکردندان و بە تەواوی جووڵەیان نەکردووە، ئەوان چاوەڕوان ئەگەر ئیسرائیل هێرشی زەوینی بکات ئەوان دەکەونە جووڵە و کاردانەوەیان دەبێت."
 
لەبارەی هەڵوێستی ئێرانیش، عادل باخەوان پێیوایە "ئێران ئەو نزیکبوونەوەیەی سعودیە و ئیسرائیل کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدرێت بە خەنجەرێک لە دژی خۆی دەبینێت و هیچ دوور نییە ئێران بۆ تێکدانی ئەو لە پشت ئەو هێرشە فراوانەوە بێت."
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق، دەڵێت: "تاوەکو پرسی نەتەوەی فەلەستین و نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکلانەکرێتەوە، کە یەکلاکردنەوەکەش بەپێدانی بەڵێیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، نابێت هیچ سەرکردەیەکی ئەوروپا، ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەون بە رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی ئارام و سەقامگیر و گەشەی ئابوورییەوە ببینن."
 
عادل باخەوان دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل تێناگەن ئەو شکستە چی بووە بەسەر دەزگەی ئەمنی وڵاتەکەدا هاتووە، چۆن توانرا ئەو هەموو چەکدارە بچنە نێو ئیسرائیل، ئەو هەموو سەربازە ئیسرائیلییە بکوژن، ئەو هەموو ئیسرائیلیە بە دیل بگرن، هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی وردە، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوانە هیچ لەو راستیە ناگۆڕن کە بەهێزترین سوپای ناوچەکە تووشی گەورەترین شکست بووە، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی بە حەماس بهێنێت."
 
د. عادل باخەوان، لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان گوتی: "نابێت شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەو شەڕە فراوانەمان لە بیر بباتەوە کە لەسەر خاکی کوردستان دەکرێت، بەبێ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی کورد؛ ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا ناتوانن سەقامگیربن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە