رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کە محەممەد بن سەلمان بڕیاریدا لە چوارچێوەی کرانەوەی سعودیە بە رووی جیهاندا گۆڕانکاری لە بەشێک لە یاساکانی وڵاتەکە بکات و ئازادی زیاتر بە هاووڵاتییانی بدات، ئێستا لە سعودیە دیسکۆ و یانەی شەوانە هەن و خەڵکیش شەوان تاوەکو بەیانی لەوێ ئاهەنگ دەگێڕن.
محەممەد بن سەلمان دوای دەستبەکاربوونی وەکو شازادەی جێنشینی سعودیە لە ساڵی 2017، بەشێکی بەرچاو لەو یاسا و رێکارانەی کە پەیوەستن بە ئازادیی هاووڵاتییان، گۆڕدران. لە نێویاندا رێگەدان بە موزیکژەنین بە شێوازی دی جەی؛ هەروەها تێکەڵبوونی کچان و کوڕان لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری.
حەسەن غەزاوی، میوزیکژەنێکە و دەڵێت، "لە بیرمانە ئەو کاتەی کە خەڵک بە ئێمەی دەگوت کاتی خۆتان بەفیڕۆ دەدەن، ئێستا خەڵک لە لیستدا ناو دەنووسێت تاوەکو بچین و لە ئاهەنگەکانیان موزیک بژەنین".
ئەو میوزیکژەنە دەشڵێت، "پێشتر ئاهەنگی هاوسەرگیری تێکەڵمان نەبوو. ئێمە دەچووینە ژوورێكی داخراو و میوزیکمان دەژەنی و ژنان و کچان لە ژوورێكی دیکەدا بوون، لە راستیدا ئێمە میوزیکمان بۆ دیوار دەژەنی و تەنیا بە هاوار و هەلهەلەی خەڵک دەمانزانی کە میوزیکەکەیان بەدڵ بووە".
لە ساڵی 2019وە ساڵانە فیستیڤاڵی میوزیک و بازاڕکردن لە شاری ریاز بەڕێوەدەچێت و سەدان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی سەردانی دەکەن.
نەواف عەروان، هاووڵاتییەکی سعودیە و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە ریاز گەورەترین سەکۆی میوزیک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دروستکردووە. ساڵانە لە فیستیڤاڵی میوزیکدا دەیان هونەرمەند و میوزیکژەنی بەنێوبانگ دێنە سعودیە".
هاووڵاتییەکی دیکەی سعودی دەڵێت، "ئێستا ئاهەنگی زۆر لە سعودیە دەکرێت و چیدیکە پێویست ناکات بۆ بینینی ئاهەنگێك وەک جاران بچینە دەرەوەی وڵات".
کردنەوەی دەرگەکان بە رووی جیهانی هونەر، بەشێكە لە پلانی گشتگیری شازادەی سعودیە ناسراو بە "روانگەی 2030" کە ئامانج لێی فرەچەشنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت و بەرهەمە کیمیاییەکانی دیکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ