رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر لە 99 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە لوبنان وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵێک لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵ حیزبوڵڵا پەسندکرد. بەم جۆرەش کۆتایی بە شەڕی نێوانیان دێت کە زیانی 8.5 ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.
جەنگی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە 8ـی تشرینی یەکەمی پار، واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە بە هێرشی رۆکێتی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.
جەنگەکە زیانێکی زۆری گیانی و ئابووی بە لوبنان گەیاندووە، لە بەرامبەردا زیانێکی سنووردار بەر ئیسرائیل کەوتووە.
زیانی گیانی:
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 768 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە لوبنان.
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە سێ هەزار چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتوون.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، نزیکەی 900 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 45 هاووڵاتی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون، ئەوە جگە لەوەی سوپای ئیسرائیل کوژرانی 73 سەربازی لە بەرزاییەکانی گۆلان و باشووری لوبنان راگەیاندووە.
هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ئاوارە بوون.
زیانی ئابووری:
بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، زیانی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.
ئەو راپۆرتە کە رۆژی 14ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، باس لەو زیانە دەکات کە بەهۆی ئەو جەنگە 13 مانگییەوە بەر لوبنان کەوتووە.
لەوکاتەوە، زیانی ئەو جەنگە بۆ ئابووری لوبنان بە 5.1 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەتایبەتی زیانێکی گەورەی بە کەرتەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ گەیاندووە.
بانکی جیهانی زیانی باڵەخانە و خانووەکانی لوبنانی بە 3.4 ملیار دۆلار خەمڵاندووە و ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 99 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە لوبنان وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
زۆرترین زیان بە باڵەخانەکانی ناوچەی باشووری بەیرووت کەوتووە کە ناوچەکە بەوە ناسراوە زۆرترین ئەندام و بەرپرسی حیزبوڵڵای تێدا نیشتەجێن و لانیکەم 262 باڵەخانە لەو ناوچەیە وێران بوون.
کەرتی کشتوکاڵی لوبنان یەکێک بووە لە قوربانییە گەورەکانی ئەو جەنگە و بەگوێڕەی راپۆرتەکەی بانکی جیهانی، زیانی ئەو کەرتە بەتایبەتی لە باشووری لوبنان بە 1.1 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ