حوسییەکان لە بڕیاری بایدن بۆ دەرهێنانیان لە لیستی تیرۆر بەگومانن

07-02-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن حوسییەکان لیستی تیرۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کاروباری دەرەوەی حکومەتی حوسییەکانی یەمەن پێشوازی لە بڕیارەکەی جۆ بایدن بۆ دەرهێنانی حوسییەکان لە لیستی تیرۆر دەکات، ئامادەیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی" ئاشتی " نیشاندا، بەڵام هێشتا گرووپە شیعە چەکدارەکە لەم هەنگاوەی ئەمریکا بەگومانن.
هشام شەڕەف، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی یەمەن و سەنعا خاکی تیرۆرستان نین، لانەی تیرۆرستان لەلایەکەی دیکەن." ئەو بەرپرسە باڵایەی حوسییەکان گوتیشی: "بڕیاری ئەمدواییەی ئەمریکا کە ئێستا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بە ویستی خوا دەبێتە ئەو راستیەی کە ئێمە چاوەڕوانین."
 
وەزیرەکەی حکومەتی حوسییەکانی یەمەن هیوای خواست ئاشتی راستەقینە بەدی بێت، چیدی رێگە لە گەیشتنی نەوت و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی یەمەن نەگیرێت و ئەو گەمارۆیەی بەسەریاندا سەپێندراوە، هەڵبگیرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی پشڕاستیکردەوە کە واشنتن حوسییەکان لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەر لەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت حوسییەکانی خستە لیستی تیرۆرەوە، کە 80٪ی خاکی یەمەنیان بەدەستەوەیە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی سنووردارکرا و 29 ملیۆن یەمەنی کەوتوونەتە سەر لێواری وشکبوونەوە لە برسان .
 
ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی، هاوشێوەی حوسییەکانی یەمەن پێشوازیان لە هەنگاوەکانی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ سووککردنی بارگرانییەکانی سەر خەڵکی یەمەن کرد.
 
جۆ بایدن، جیاواز لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەیەوێت سیاسەتێکی نوێ لە یەمەن پەیڕەو بکات. یەکەم خاڵی ئەو سیاسەتەش راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانە بۆ سعودیە. بە گوتەی بایدن، بەو هەنگاوە کۆتایی بە شەڕ لە یەمەن دەهێنن.
 
بە گوتەی جۆ بایدن، ئەو شەڕە دەبێت کۆتایی بێت. دەشڵێت: "لەپێناو نیشاندانی پابەندبوونمان، ئێمە کۆتایی بە هەموو هاوکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک لە شەڕی یەمەن دەهێنین، لەوانەش فرۆشتنی چەک. لە هەمانکاتدا کە سعودیە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی دەبێتەوە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە ئێران، ئێمە پابەندین بەوەی هاوکاری سعودیە بکەین بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی خۆی و گەلەکەی". 
 
ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاریشیداوە چاو بەو بڕیارەی ئیدارەی پێشوودا بخشێنێتەوە کە نیازی هەبوو چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بە سعودیە بفرۆشێت. کەچی یەمەنییەکان هێشتا دوودڵن لە متمانەکردن بە ئەمریکا. 
 
عەبدولەتیف واشلی، دانیشتووی سەنعایە دەڵێت: "گەشبینییەکی کەم بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکا هەیە، هیوادارم کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی یەمەن هەبێت و شەڕ بوەستێنێت.". 
 
ئەیمەن شامیش دانیشتوویەکی دیکەی سنعایە، دەڵێت: "پشت بە بڕیاری بایدن بۆ وەستانی فرۆشتنی چەک بە سعودیە نابەستین. هەست بە نیازێکی باشی ئەم جۆرە لێدوانانە ناکەین، چونکە ئاشتی بێ وەستاندنی شەڕ بەدەستنایێت".
 
سەرباری ئەوەی ئیدارەکەی بایدن دەیەوێت چاو بە بڕیارێکی دیکەی ئیدارەی پێشوودا بخشێنێتەوە کە حوسییەکانی وەک رێکخراوێکی تیرۆیستی ناساندبوو، بەڵام حوسییەکان هێشتا بە گومانن.
 
فەهمی یوسفی، جێگری وەزیری زانیاریی حکومەتی حوسییەکان لە یەمەن باس لەوە دەکات: "هیوادارین راستگۆیی لایەنی نێودەوڵەتی ببینین، بەڵام ئەوانەی شوێن سیاسەتەکانی ئەمریکا و ناتۆ دەکەون، دەزانن کە راستگۆیی بوونی نییە".
 
بایدن یەمەنی وەک یەکێک لە کێشە گرنگەکانی جیهان بینی و لە یەکەم گوتاریدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پلانی خۆی بۆ یەمەن ئاشکرا کرد و گوتی، شەڕی شەش ساڵەی یەمەن کۆتایی پێدەهێنین.
 
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ئەیلوولی 2014ەوە دەستیپێکردووە، حوسییەکان کە ئێران پشتگیریان دەکات، کۆنترۆڵی سەنعای پایتەختیان کردووە، لە 2015ـەوە بە سەرکردایەتیی سعودیە هەڵمەتی سەربازی دژی حوسییەکان دەستیپێکرد و لە باشووری یەمەن حکومەتێکی دیکەیان دامەزراند.
 
بەهۆی ئەو شەڕەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 هەزار کەس کوژراون، کە نزیکەی 13 هەزاریان خەڵکی سڤیلن. ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 85 هەزار منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە