رووداو دیجیتاڵ
یەکینەکانی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دوو بارمتەی ئیسرائیلی زیندوو لە غەززە نیشان دەدات، قسە بۆ کامێرا دەکەن و باس لەوە دەکەن کە چۆن لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل رزگاریان بووە.
رێکخراوی خێزانی بارمتە و ونبووەکانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، خێزانی بارمتەیەک بە ناوی ماکسیم هێرکین ناسنامەی ئەویان وەک یەکێک لە دوو بارمتەکە پشتڕاستکردووەتەوە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە.
میدیای ئیسرائیلی گوتی، بارمتەی دووەمیان سەربازێکە بە ناوی بار کوپەرستاین. خێزانی هێرکین داوایان لە میدیاکان کرد ڤیدیۆکە بڵاونەکەنەوە.
چەکدارە فەلەستینییەکان ئەو دوو پیاوەیان لە فێستیڤاڵی میوزیکی نۆڤا رفاندبوو لە کاتی هێرشەکەیان لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل کە جەنگی غەززەی لێکەوتەوە.
قەسام ئەو ڤیدیۆییە زیاتر لە دوو خولەکییەی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بارمتەکان لە تەنیشت یەک دانیشتوون.
کوپەرستاین دانیشتووی هۆلۆنە کە یەکێکە لە گوندەکانی دەوروبەری تەلئەڤیڤ.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە رۆژێک دوای ئەوە هات، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی زەوینییان لە ناوچەی شوجاعییەی شاری غەززە دەستپێکرد.
باڵی چەکداری حەماس رۆژی هەینی هۆشداریدا کە هێرشەکە ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە.
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لانیکەم 29 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا لە چەند ناوچەیەکی غەززە کوژراون.
58 بارمتە هێشتا لە غەززە ماون، لەنێویاندا 34 کەسیان کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مردوون.
لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەییدا کە بە دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە 18ی ئادار کۆتایی هات، چەکدارەکان 33 بارمتەیان رادەست کردن؛ هەشتیان مردبوون.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیان پێ دەبەستێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 50 هەزار و 669 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ