رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، گرژی و ئاڵۆزی کەوتەوە، هەزاران لوبنانی لە بەیرووتی پایتەخت چوونە سەر شەقامەکان و داوای چاکسازی و دوورخستنەوەی گەندەڵکارانیان کرد.
بەشێک لە خۆپێشاندەران هەوڵیاندا پەلاماری باڵەخانە حکومییەکان بدەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و پۆلیسیش هەوڵیدا بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و رشاندنی ئاو بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکات.
رێکخراوی مانگی سووری لوبنانی رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان زیاد لە 50 کەس برینداربوون.
لوبنانییەکان ساڵیادی تەقینەوەکەی بەیرووتیان بە دەرفەت زانی خۆپێشاندان دژی قەیرانی چەند ساڵەی دارایی و ئابووریی وڵاتەکەیان بکەن، کە بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهانی زیاتر لە 50%ی خەڵکی لوبنان لەژێر هێڵی هەژاریدان.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4ی ئابی 2020 کاژێر 6:07 خولەکی ئێوارە، ماددە تەقەمەنییەکانی بەندەری بەیرووت گڕیان گرت و تەقینەوە، ئەو رووداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 218 کەس، تەقینەوەکە بەندەری بەیرووت و بەشی رۆژهەڵاتی شارەکەی وێرانکرد.
دوای ساڵێک لە تەقینەوەکە، هێشتا پرسیاری زۆر لای کەسوکاری قوربانیان بێ وەڵام ماونەتەوە.
هیومەن رایتس وۆچ رەخنە لە لێکۆڵینەوەکان دەگرێت و دەڵێت، پرۆسەکە تێکەڵ بە پارێزبەندی، دەستوەردانی سیاسی و شکستی دادگا لە ئاشکراکردنی راستییەکان بۆ رای گشتی بووە.
ئێف بی ئایی ئەمریکا لە راپۆرتێكیدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە دەڵێت، ئەو بڕەی نیتراتی ئەمۆنیۆم کە لە بەندەرەکە تەقییەوە نزیکەی 552 تۆن بووە، لە کاتێكدا قەبارەی ئەو پێکهاتەیە کە لە ساڵی 2013دا لە بەندەرەکە کۆگا کرابوو، زیاتر لە دوو هەزار و 754 تۆن بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ