رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن، بەیانیی رۆژی شەممە، ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک لە باشووری لوبنان و سێ چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت.
شەوی رابردوو، چوار چەکداری دیکەی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر خانوویێک لە شارۆچکەی رامیە کوژرابوون، ئەمە وەک بەرپرسانی لوبنانی باسی دەکەن.
میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێت، دوایین هێرشی رۆژی شەممە، ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی ناقورە لە کەناری باشووری لوبنانی کردووتەوە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لە باشووری لوبنان لە ئۆتۆمبێلێکمان دا کە ژمارەیەک لەو تیرۆرستانەی تێدا بوون، کە رۆکێت ئاراستەی نێو ئیسرائیل دەکەن."
سوپای ئیسرائیل هەروەها باس لەوە دەکات، ئەو چەکدارانە سەر بە یەکەی ئیمام حوسێن بوون، کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە و لەژێر فەرمانی حیزبوڵڵادا کاردەکات.
رۆژی شەممە، حیزبوڵڵا کوژرانی حەوت چەکداری خۆی راگەیاند، بەڵام وەک هەمیشە، روونینەکردەوە کەی و لە کوێ کوژراون.
ئەو گرووپە چەکدارە لوبنانییە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، لە رێگەی تۆپ و مووشەکەوە، لە سنوورەوە دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 چەکداری حیزبوڵڵا و 37 کەسی سڤیل لە لوبنان، هەروەها نۆ سەرباز و نۆ کەسی دیکەی سڤیلیش لە ئیسرائیل کوژراون.
حیزبوڵڵا پێشتر راگەیاندبوو؛ تاوەکو جەنگی سەر غەززە نەوەستێت، هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ناوەستێنێت، بەڵام ئەگەر ئاگربەست هەبێت، ئەویش دەیکاتە ئاگربەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ