رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی هاوکاریی ئاسیا گەیشتە قەتەر.
سەردانەکەی مەسعود پزشکیان، لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر و بە مەبەستی بەشداریکردنە لە کۆڕبەندی هاوکاری ئاسیا.
پزیشکیان لە فڕۆکەخانەی تاران قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، جگە لە بەشداریی لەو کۆڕبەندەدا، لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و وڵاتانی دیکەی بەشداری لە کۆڕبەندەکە لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن. دەشڵێت، هەوڵدەدەن لەگەڵ قەتەر رێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری وەبەرهێنان، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری واژۆ بکەن.
کۆڕبەندی هاوکاری ئاسیا کە بە ACD ناسراوە، لە 35 وڵاتی ئاسیا پێکدێت کە زیاتر لە 20 ساڵە بە ئامانجی جێبەجێکردنی پڕۆژە و بەرنامەی جۆراوجۆری هاوکاری لە بواری ئابووری و کولتووریدا خەریکی پەرەپێدانی دیالۆگن.
دامەزراندنی کۆڕبەندی دیالۆگی هاوکاریی ئاسیا بۆ یەکەمجار لەلایەن سەرۆکوەزیرانی تایلەندەوە پێشنیازکرا و 2002 دامەزرا.
تاران لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ سەرۆکایەتیی ئەم کۆڕبەندە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ