سەرۆککۆماری ئێران: شەڕمان ناوێت، بەڵام لە شەڕیش ناترسین

02-10-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی شەڕی ناوێت، بەڵام لێیشی ناترسێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ سنوورێک بۆ پاراستنی ئاسایش، دەسەڵات و شکۆی گەلەکەمان نازانین". 
 
رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەم مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا رایگەیاند،"ئۆپەراسیۆنی شەوی رابردووی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی رژیمی زایۆنی بەرز دەنرخێنم".
 
پزیشکیان گوتیشی،"ئەو ئۆپەراسیۆنە جێگەی شانازییە و جارێکی دیکە شکۆی نەتەوەیی ئێرانییەکانی بە جیهان نیشان دا. ئوپەراسیۆنەکە وەڵامدانەوەی تاوانی ئەو رژێمە بوو لە تیرۆرکردنی شەهید هەنییە لە وڵاتەکەمان و شەهیدکردنی سەید حەسەن نەسروڵڵا و ژمارەیەک فەرماندەی خۆڕاگر".
 
پزیشکیان گوتی، "تیرۆرکردنی شەهید هەنییە لە تاران پێشێلکارییەکی روونی سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بوو. وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هانیان دەداین خۆمان بگرین و بەڵێنیان دا دەستبەجێ ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنن".
 
مەسعود پزیشکیان گوتی، "جێگەی شەرمەزارییە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاسانی رێگە بە تاوانبارێک دەدەن قێزەونترین تاوان بکات و دواتر باس لە ماف و شکۆی مرۆڤ بکات".
 
شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی بە دەیان مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و سەرۆککۆماری وڵاتەکەش لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەوان شەڕیان ناوێت، بەڵام لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکیش دەوەستێتەوە.
 
مەسعود پزیشکیان دوای هێرشەکان رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئێرانییەکان بوو". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە