رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل، بە زۆرینەی دەنگ و تاکلایەنە ئاگربەستی غەززەی بۆ 6 هەفتەی دیکە درێژکردەوە، هۆکاری درێژکردنەوەکەش بۆ مانگی رەمەزان و جەژنی دەربازبوونی جووەکان گەڕاندووەتەوە.
درەنگانی شەوی شەممە 1ـی ئاداری 2025، راستەوخۆ لەدوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل، ئاگربەستەکەی بۆ 6 هەفتەی داهاتوو درێژکردووەتەوە.
هەروەها نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم رۆژی ئەو ئاگربەستە کاتییە دا، نیوەی ئەو بارمتە زیندوو و مردووانەی هێشتا لە کەرتی غەززە دا ماون، ئازاد دەکرێن یان تەرمەکانیان رادەستی ئیسرائیل دەکرێن. ئەگەریش رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی درێژخایەن کرا، سەرجەم بارمتەکان، ئازاد دەکرێن.
تائێستا بزووتنەوەی حەماس، لێدوانی لەسەر ئەو بڕیارەی ئیسرائیل نەداوە.
بەگوێرەی میدیاکان، لەدوای کۆبوونەوەیەکی 4 کاژێری، حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو ئەو بڕیارەی پەسند کردووە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران راشیگەیاندووە، حەماس "تائێستا ئەو پلانەی رەتکردووەتەوە،" بەڵام ئامادەیی ئیسرائیلی راگەیاندووە بەوەی گفتوگۆ بکەن، ئەگەر حەماس بۆچوونی خۆی گۆڕی.
هەروەها پلانەکەی نوێنەری ترەمپ، باس لەوەش دەکات، ئەگەر لەدوای 42 رۆژەکە، ئیسرائیل پێیوابوو دانوستاندنەکان لەبارەی رێککەوتن لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە شکستیان هێناوە، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شەڕ.
رۆژی شەممە، حەماس رایگەیاند، ئەوان بە هیچ جۆرێک بە درێژکردنەوەی ئاگربەست رازی نابن، بێ گەرەنتیی ئەمریکا، قەتەر و میسر بەوەی قۆناخی دووەم جێبەجێ دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە 19ـی کانوونی دووەم دەست بە جێبەجێکردنی کرا و رۆژی شەممە کۆتایی هات.
لەماوەی ئەو 42 رۆژەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، بزووتنەوەی حەماس 33 بارمتەی ئازاد کرد، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەزار و 900 گیراوی فەلەستینیی ئازاد کرد.
بەڵام هێشتا دانوستاندنی تایبەت بە قۆناخی دووەم دەستیپێنەکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل شاندی بۆ قەتەر ناردووە، بەمەبەستی دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لە قۆناخی دووەمدا، سەرجەم بارمتە زیندووەکانی غەززە ئازاد دەکرێن، لەبەرامبەردا تەواوی سوپای ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە دەکشێتەوە.
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا 24 بارمتەی زیندوو و 39 بارمتەی مردوو لە غەززە دا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ