بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، پێشنیازی ئاگربەستی کاتییان رەتکردووەتەوە

01-11-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، داواکاریی قەتەر و میسریان بۆ ئاگربەستی کاتی رەتکردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بە هیچ داواکارییەک رازی نابن کە ئاگربەستی درێژخایەن لەخۆنەگرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 01-11-2024 بەرپرسێکی باڵای حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای فەرەنسیی گوت، "داواکارییەکەی قەتەر و میسر باس لە کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان ناکات."
 
رۆژی دووشەممە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، ناسراو بە سی ئای ئەی و مۆسادی ئیسرائیلی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە دەوحە کۆبوونەوە.
 
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پێشنیازی کردووە ئاگربەستێکی دوو رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رابگەیێندرێت، لەو ماوەیەدا چوار بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە ئازاد بکرێن، لە بەرامبەردا ژمارەیەک فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
 
بەرپرسەکەی حەماس رایگەیاندووە، لە داواکارییەکەدا باس لە زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ نێو غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان بە بارمتەکان کراوە.
 
بەرپرسەکە هەروەها گوتی، حەماس داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، "خەڵکی فەلەستین ئاگربەستێکی تەواو و هەمیشەیی دەوێت."
 
جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بە هێرشیکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
 
تاوەکو ئێستا تەنیا یەک جار ئاگربەست راگەیێندراوە کە ئەویش لە تشرینی دووەمی پار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە