لە زانکۆی سەلاحەدین فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 32 مامۆستای گرێبەست دەرچوو

31-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، ئەو وانەبێژانەی بوونەتە گرێبەست، دەتوانن رۆژی یەکشەممە بۆ مامەڵەی دەستبەکاربوونیان سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆ بکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ی تشرینی یەکەم، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکایەتیی زانکۆ ناوی سەرجەم ئەو وانەبێژانەی کە بوونەتە گرێبەست بە لیست بۆ کۆلێژەکانی ناردووە کە 32 مامۆستان." گوتیشی: "پێویستە هەموو مامۆستایانی گرێبەست سەردانی ئەو کۆلێژانە بکەن کە وانەیان تێدا گوتووەتەوە، دواتر سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بکەن، بۆ تەواوکرنی مامەڵەی دەستبەکاربوونیان."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەدا ئەو مامۆستایانە دوای تەواوبوونی بایۆمەتری، راستەوخۆ دەتوانن دەست بە دەوام بکەن، لەو رۆژەی بڕیارەکە دەرچووە واتا 28ـی تشرینی یەکەم، بۆیان هەژمار دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەم سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، وەک یەکەم زانکۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ 567 مامۆستای وانەبێژ دەرکرد کە کراون بە گرێبەست و لە 43 بەشی زانکۆ و پەیمانگەکانی پۆلیتەکنیکی دهۆک وانە دەڵێنەوە."
 
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە.
 
28-10-2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە گشتاندنێکدا کە د. ئارام محەممەد قادر واژۆی کردووە و ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستانی کردووە، تێیدا هاتووە "دواى فەرمانى وەزاریمان ژمارە 2367 لە رێککەوتى 06-10-2024 سەبارەت بە دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتمان بەشێوەى گرێبەست، بڕیاردرا بە راسپاردنى زانکۆکان، بە دەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەستبەکاربوون بۆ وانەبێژانى دامەزراو بەشێوەى گرێبەست لەسەر میلاکى زانکۆکانتان لە رێککەوتى 28-10-2024." 
 
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆکرد.
 
02ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
 
خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنیان کرا؛ هەروەها نزیکەی 2 هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کرابوو. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
  
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بەگوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە