پاسپۆرتی سلێمانی: ئەگەر پاسپۆرت ون بکەیت دەبێت وەک تاوانبار لەبەردەم دادوەر بوەستیت

31-07-2024
ژیڤان بەکر
چەند پاسپۆرتێکی عێراقی بەدەست پیاوێکەوە. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
چەند پاسپۆرتێکی عێراقی بەدەست پیاوێکەوە. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، "یاسای ئێستا پابەندی کردووین بەوەی هەر دەبێت رەزامەندیی باوک لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ منداڵی خوار 18 ساڵ وەربگیرێت؛ بۆیە دەمانەوێت هەموار بکرێتەوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 31-07-2024 عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لەبارەی هەموارکردنەوەی پاسپۆرتی عێراقی بە رووداوی گوت، "داوامان کردووە هەمواری یاسای پاسپۆرتی عێراقی بە یاسای ژمارە 32ی ساڵی 2015 بکرێت. دەستمان بۆ سێ بڕگە بردووە، کە پەیوەندیی بە هاووڵاتییانەوە هەیە. ئەمەیش لە ژیانی رۆژانەدا بۆمان دەرکەوتووە. یەکەم هەنگاو پەیوەندی بە مافی ژنان و منداڵانەوە هەیە. بۆ نموونە ژنێک چەند منداڵێکی هەیە و تەمەنیان خوار 18 ساڵە، دەیەوێت پاسپۆرتیان بۆ دەربکات. هاوکات باوکی منداڵەکان رازی نییە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، یاسای ئێستا پابەندی کردوون بەوەی "هەر دەبێت رەزامەندی باوک لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ منداڵی خوار 18 ساڵ وەربگیرێت. جاری وا هەیە کێشەیەکی خێزانی لەنێوانیان هەیە؛ هەندێک جار منداڵەکە نەخۆشە و پێویستی بە دەرەوەی وڵاتە، بۆیە داوامان کردووە دایکیش وەکو باوک بتوانێت پاسپۆرت بۆ منداڵەکانی دەربکات. لە هەموو وڵاتانی دنیا ژنان ئەو مافەیان هەیە؛ تەنیا لە عێراق نەبێت."
 
عەمید سالار عەبدوڵڵا روونیکردەوە، "بڕگەی دووەم بۆ هەموارکردنەوەی پاسپۆرت، پەیوەستە بەو کەسانەی لە هەندەرانن. ئەوانەی پاسپۆرتەکانیان ون دەکەن، یان تێکدەچێت و تەلەف دەبێت و ناتوانن لە باڵیۆزخانەکان وێنەی دووەم و سێیەم وەربگرنەوە، دەبێت و مەرجە بگەڕێتەوە بۆ عێراق؛ کە دێتەوە بۆ عێراق، ماوەی دەرکردنەوەی پاسپۆرتەکە دوو سێ مانگێکی پێدەچێت. هاوکات دەبێت بچێتە دادگەی کەتن و دادگەی لێکۆڵینەوە، بەو هۆیەوە ماوەیەکی زۆری لێ بەفیڕۆدەچێت. دوو سێ مانگ لە دەرەوەی وڵات لە کارەکەیان دادەبڕێن، زۆرینەیان دەردەکرێن. بۆیە داوامان کردووە، لە باڵیۆزخانە کارەکەیان بۆ رایی بکرێت."
 
بەپێی یاسای ژمارە 32ی ساڵی 2015 هەموو هاونیشتمانییەکی عێراقی، دەتوانێت پاسپۆرت دەرکات ئەگەر نەیبوو یان نوێی بکاتەوە، یان جاری یەکەم ونی بکات. بەڵام بۆ جاری دووەم و سێیەم بۆ ونبوون و تەلەفبوون، پێویستە هاونیشتمانی دیاسپۆرا بگەڕێتەوە عێراق. بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، لە ساڵی رابردوودا 2500 کەس پاسپۆرتیان تێکچووە و ون کردووە.
 
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەشڵێت، "هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە، دەبێتە هۆی ئەوەی قەرەباڵخی لە دادگەکانی کەتن و لێکۆڵینەوە کەم ببێتەوە. ساڵانە نزیکەی 40 بۆ 45 هەزار دۆسیە لەکۆڵ دادگەکان دەکەیتەوە. پاسپۆرتی عێراقی لەسەر بنەمای عێراقیبوون دەردەچێت، کاتێک کە ناسنامەکەت ون دەکەیت، ناچیتە بەردەم دادگە، تەنیا 25000 دینار پارەی رسومات دەدەیت و لە بەڕێوەبەرایەتیی ناسنامەکەت وەردەگریتەوە، کارتی نیشتمانیش بەم جۆرەیە؛ بەڵام پاسپۆرت وا نییە، دەبێت 250 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن دینار بدەیت. بچیتە بەردەم دادگە و وەکو کەسێکی تاوانبار بوەستیت؛ دواجار کەسێک ببەی وەکو (کەفیل) و ئازادت بکات."
 
رۆژی چوارشەممە 10-01-2024 کۆمپانیای هێڵی تایبەت بە پێوانی ئاستی پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان کە بنکەی سەرەکیی لە لەندەنە، نوێترین لیستی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە، تێیدا چەند گۆڕانکارییەک بەدیدەکرێت. بەپێی ریزبەندییەکە عێراق خاوەنی سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لە جیهان.
 
نرخی دەرهێنانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان 91 هەزار دینارە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر 29 هەزار دینار بوو. لەبارەی دابەزاندنی تێچووی نرخی پاسپۆرتەوە عەمید سالار عەبدوڵڵا دەڵێت: "حکومەتی عێراقی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەرەنسی کردووە، کە 66 هەزار دینار بدات بەو کۆمپانیایە و 25 هەزاریش بۆ حکومەت بێت."
 
رۆژی 06-03-2023، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا لەنێو شاری سلێمانی رۆژانە 700 بۆ 800 پاسپۆرت دەردەکرێت، لە سەرجەم پارێزگای سلێمانیش ژمارەکە رۆژانە زیاتر لە هەزار پاسپۆرت دەبێت، وەکو شار، سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین پاسپۆرتی تێدا دەردەکرێت کە ئەوە بەلای ئێمەشەوە سەیرە، هۆکارەکەشی تەواو نازانین، بۆیە داوامان لە زانکۆی سلێمانی کە خوێندکارەکانیان  توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکەن."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار نووسینگەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت هەن. ئەوانیش نووسینگەی یەکی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە.
 
کاتەکانی دانەوەی پاسپۆرت لە رۆژانی دەوامی فەرمی لە کاژێر 8:00ـی بەیانی تاوەکو 06:00ـی ئێوارەیە، هەروەها داواکراوە بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت پێویستە ئەو کەسەی وەریدەگرێتەوە بەڵگەنامەی فەرمی پێبێت کە کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."