دەستەی گەشتوگوزار: بۆ سەری ساڵ لە تەواوی شارەکان ئاهەنگ و چالاکی دەکرێن

30-12-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن سەری ساڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە تەواوی شارەکان ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر بەبۆنەی سەری ساڵی 2024 لەلایەن کەرتی تایبەت سازدەکرێن، کەرتی گشتی تەنیا لە دهۆک و زاخۆ چالاکی دەبێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 30-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە شارەکانی هەولێر و سۆران بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی سۆران و حەمدانییە ئاهەنگی فەرمی بەڕێوەناچن، بەڵام کەرتی تایبەت لە هەولێر و سۆرانیش بۆ شەوی سەری ساڵ چالاکی و ئاهەنگیان دەبێت."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی تایبەت 100%ـی چالاکییەکانی شەوی سەری ساڵ بەڕێوەدەبەن؛ گوتیشی، "لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەش ئاهەنگی گشتی بەڕێوەناچن، لەوێش کەرتی تایبەت ئاهەنگەکان بەڕێوەدەبەن؛ بەگشتی هیچ گەشتیار و هاونیشتمانییەک بێبەش نابێت لە چالاکییەکانی سەری ساڵ."
 
بەگوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، ئەمساڵ لە هۆڵ، رێستۆرانت و هۆتێلەکاندا ئاهەنگی تایبەت بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ سازدەکرێن؛ لەبارەی ئاهەنگی کەرتی گشتیشەوە گوتی، "لە دهۆک ئاهەنگی فەرمی و گشتیی بەڕێوەدەچن؛ لە کۆڕنیشی زاخۆش زنجیرەیەک ئاهەنگی گشتی بەڕێوەدەچن، کە چەند رۆژێکە دەستیان پێکردووە و بەردەوامن."
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمساڵ حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار، سەردانی ناوچە گەشتیاری و سەیرانگەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق بوون و 25%ـیان خەڵکی دەرەوەی عێراق و بەشێکیشیان گەشتیاری نێوخۆیی بوون، کە وەکو سەردانیکار تۆمارکراون.
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، هەوڵدەدات لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار بهێننە هەرێمی کوردستان. ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوە کرد، ساڵانی رابردوو تەنیا لە هاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
 
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 708 شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون، کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
 
- 714 کافتریا
- 10 شاری یاری
- 589 رێستۆرانت
- 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
- 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 460 هۆتێل
- 282 مۆتێل
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەکە، لە 11 مانگی ساڵی 2021ـدا، چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردسانیان کردبوو؛ ئامارەکە لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگەی هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکەن؛ دواتر سلێمانی و پاشان دهۆک و هەڵەبجە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە