رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزیرەوە پێیان گوتراوە، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی زانکۆلاینی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023 شێرزاد سەعید، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "هاتنەوەی ئەنجامی زانکۆلاینی ناوچە دابڕێندراوەکان بەهۆی هەندێک کێشەی نمرە و تەکنیکی لە زانکۆلاین کە لای وەزارەت بووە، دواکەوتووە، بەڵام بەگوتەی وەزیری خوێندنی باڵا بێت رۆژی یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن."
ساڵی رابردوو وەرگرتن لە کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندکارانی ناوچە دابڕێندراوەکان 10٪ بوو، بەڵام ئەم ساڵ بۆ 20٪ زیادکراوە و بۆ یەکەم جار پشت بە زانکۆلاین بەستراوە. شێرزاد سەعید، دەڵێت، "تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند کەس زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە، بەڵام بەکۆی گشتی 2300 کەس فۆرمیان وەرگرتبوو. فۆرمەکە بۆ وەرگرتنی هەندێک زانیاری بوو لە قوتابیان بۆ ئەوەی کۆدیان بۆ دابنرێت و بتوانن لە زانکۆلاین خۆیان تۆمار بکەن."
هۆکارێکی ئەوەی کە نازانرێت چەند کەس زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە ئەوەیە کە "قوتابی هەیە فۆرمی وەرگرتووە بۆ پڕکردنەوەی زانکۆلاین، بەڵام کە ناوی لە زانکۆیەکی باشی پارێزگاکانی عێراق هاتووەتەوە، پەشیمان بووەتەوە."
بەگوتەی شێرزاد سەعید، یەکێک لە مەرجەکانی ئەو کەسانەی فۆرمیان پێ دەدرا ئەوە بوو ''دەبێت دەرچووی خوێندنی کوردی بن،'' چونکە پرۆسەکە هەر لە سەرەتاوە بۆ پشتیوانیی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک دانرابوو بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن.
بەپێی بڕیاری خوێندنی باڵا، هەر خوێندکارێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارالێڵ لە هەرێمی کوردستان بخوێنێت بۆ پارەدان و هەر رێکارێکی دیکەی کارگێڕی، هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان دەبێت و هیچ جیاوازییەکی نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ