دوای 17 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

30-11-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای 17 ساڵ، بازرگان و خاوەن پیشەسازییەکان چوونەوە نۆرەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان.29 هەزارو 684 کەس مافی دەنگدانی هەیە. لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ژنانیش بەربژێر و دەنگدەرن.
 
لە هەولێر 33 کەس بەربژێرن، 13 کەس هەڵدەبژێردرێن سەرۆک و دوو جێگر و 10 ئەندامی ئەنجوومەن.
 
کاروان سورچی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە رووداو گوت، "دادگا و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرایەتیی پارێزگای هەولێر و لیژنە تایبەتییەکانی چاودێریی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە جێگەی رەزامەندی بەربژێر و خەڵکی بێت."
 
لە سلێمانی 26 بەربژێر لە کێبڕکێدان بۆ هەڵبژاردنی 13 ئەندامی ژووری بازرگانی سەرۆک و دوو جێگر و 10 ئەندام.
 
بەکر عەلی، یەکێکە لە دەنگدەرەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکان، گوتی "بەڕاستی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ کێشەیە، ئازادانە دەنگمان بەو کەسانەدا کە رابردوویەکی پاک و بە خەمن بۆ شارەکە و پێمان وایە رۆڵیان دەبێت لە بەرەو پێشبردنی کەرتی بازرگانی شارەکە."
 
لە دهۆک 17 کەس  بۆ 11 کورسی ئەنجوومەن کێبڕکێیانە
 
لەتیف عوسمان، بەربژێر و بازرگانە و دەڵێت، "هیواخوازین ستافی نوێی ژوورەکە رۆڵیان هەبێت لە بەرەو پێشبردنی بزاوتی بازرگانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا چاوەڕێی ئەوەشیان لێدەکەین."
 
 
هەڵەبجەیەکانیش بۆ یەکەمجار دەبنە خاوەن ئەنجوومەنێکی هەڵبژێردراوی پیشەسازی و بازرگانی، 10 بەربژێر بۆ 7 کورسی لە هەوڵدابوون.
 
سوهێل عەلی، دەنگدەرێکە لە هەڵەبجە و باس لەوە دەکات، "بەو پێیەی شارەکە یەکەمین جارە دەبێتە خاوەنی ئەو ئەنجوومەنە بۆیە دەخوازین بتوانێت رۆڵی لە پێشکەوتنی شارەکە هەبێت بە تایبەت لە رەخساندنی هەلی کار بەو پێیەی سنووری نێودەوڵەتیمان هەن."
 
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەبێت، بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆک و جێگرانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.