رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی مانەوە یاخود کشاندنەوەی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت: "گفتوگۆ لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییەش دەکرێت کە بڕیارە دروستبکرێت لەگەڵ ئەو برادەرانەی لە پەرلەمان دەمێننەوە."
رۆژی یەکشەممە 30-10-2022، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی مانەوە یاخود کشانەوە لە پەرلەمان کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی دەدرێت."
رۆژی شەممە 15-10-2022، سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی فراکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام جارێ رێککەوتنی لەسەر نەکراوە و تەنیا گفتوگۆ بووە.
لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییە گفتوگۆ دەکرێت، مەبەستەکە زیاتر بۆ ئەوەیە، ئەگەر لە پەرلەمان ماینەوە بزانین لەگەڵ ئەو برادەرانەی دیکەش کە دەمێننەوە دەتوانین چی بکەین."
رۆژی 9-10-2022، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە. دوای درێژکردنەوەکە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دوای 6-11-2022ـەوە ناچنەوە پەرلەمان و بە نایاسایی دەزانن.
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاریدا كە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە رۆژی 6-11-2022 بەدواوە بكشێنەوە.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەر فراکسیۆن یان پەرلەمانتارێک دەستلەکارکێشانەوە رابگەیێنێت، دەبێت بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی بکات و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تائێستا دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و یەکگرتوو، هەروەها شایان عەسکەری، پەرلەمانتاری گۆڕان لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ