کوردستان
کاتی گەیشتنی ژمارەیەک زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە. وێنە: ئەندام جەبار - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، لە 18ـی ئەم مانگەوە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی و بیانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، 45 هەزار زیارەتکار هاتوون کە نزیکەی دوو هەزاریان بیانی بوون.
رۆژی چوارشەممە، 30-08-2023، سالار تەحسین، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 18ـی ئەم مانگەوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ، کۆی گشتی 65 هەزار کەس لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون کە بەشێکیان زیارەتکاری بیانی و بەشێکی دیکەیان گەشتیار بوون."
لەبارەی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی و بیانییەوە سالار تەحسین گوتی، "تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ 45 هەزار زیارەتکار هاتوون کە نزیکەی دوو هەزاریان زیارەتکاری بیانی بوون لە وڵاتانی وەکو ئازەریایجان، جۆرجیا، رووسیا، کازاخستان و یەک دوو کەسی ئەڵمانیش هاتوون."
بە گوتەی سالار تەحسین، لە دەروازەکەدا هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کراوە و دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێشوازیکردنی پێکهێناوە کە لە لیژنەی ئەمنی، تەندروستی و گواستنەوە و چەندین لیژنەی دیکە پێکدێت."
لەبارەی گەڕانەوەی زیارەتکاران، بەڕێوەبەری نشینگەی و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "تاوەکو 6ـی ئەیلوول هاتنی زیارەتکاران بەردەوامە و دواتر گەڕانەوە دەستپێدەکات کە مەرج نییە ئەوانەی لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون لە هەمان دەروازە بگەڕێنەوە. بۆ نموونە، زۆر کەس هەن لە باشماخ، میران، شەلەمچە و دەروازەکانی دیکەوە هاتوون، بەڵام دەکرێت لە حاجی ئۆمەرانەوە بگەڕێنەوە."
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر (مانگی سەفەر بەپێی رۆژژمێری هیجری لەدوای مانگی موحەڕەم دێت) لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت؛ سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
سالار تەحسین لەبارەی جیاوازیی هاتنی زیارەتکارانی پار و ئەمساڵ دەڵێت، "پار بەکۆی گشتی 70 هەزار کەس هاتن، بەڵام ئەمساڵ باشترە. ئەمساڵ زیارەتکاری بیانیش لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون. تەنیا دوێنێ شەش هەزار و 800 زیارەتکاری ئێرانی و بیانی لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون."
ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ