رووداو دیجیتاڵ
دۆڵی مونزوور و پلەموورییەن لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان. لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە خراونەتە سنووری پارکی نیشتمانیی دێرسم و دەوڵەمەندن بە رووەکی خۆڕسک و ئاژەڵی کێوی، ئێستاش بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وەک ناوچەی پارێزراو ناسێندران.
بڕیارەکە رۆژی سێشەممە (29ـی ئابی 2023) بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و دێرسمییەکان پێشوازی لێ دەکەن.
ئۆزگوور ئوڵاش کاپلان پارێزەرە و سەبارەت بەو بڕیارە دەڵێ "ئەمە، بڕیارێکی دڵخۆشکەر و ئەرێنییە لە رووی ژینگەییەوە، چونکە لەڕووی پاراستنی ئەو جۆرە شوێنانە و رێگریکردن لە لەناوچوونیان، هەروەها رێگریکردن لەو پڕۆژانەی کە زیانیان پێدەگەیەنێت، بڕیارێکی گرنگە."
چەند ساڵێکە، سەرباری ناڕەزایەتییەکان، پڕۆژەکانی دەرهێنانی کانزا، دانیشتووانی پارێزگاکەی نیگەران کردووە. کانەکان لەلایەکەوە هەڕەشە لە ژیانی سرووشتی دەکەن و لەلایەکی دیکەوە مەترسییان لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە دروستکردووە.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە سنوورێک بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەکە دابنێت.
ئۆزگوور باس لەوەش دەکات "هەرچەندە ناوچەکە پارکی نیشتمانییە، لەسەر ئەم دۆڵە و دۆڵی پلەموورییە پڕۆژەی دروستکردنی بەنداو هەبوو. لە بەرامبەر ئەم پڕۆژانەدا خەباتێکی یاسایی درێژخایەن بەردەوام بوو و خەڵکی ناوچەکەش کاردانەوەی دیموکراسییان هەبوو. لەو چوارچێوەیەدا لە دوایین بڕیارەکانی دادگە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پڕۆژانە درا، بەڵام بەردەوام هەڕەشەیەک لەسەر ئەم ناوچانە هەبوو. ئەم دوایین بڕیارە جارێكی دیکە بووەتە هۆکار بۆ زیاتر پاراستنی ئەم شوێنانە."
تێکدانی ژینگەی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان ساڵانێکە بە دروستکردنی بەنداو لە دۆڵی مونزوور و پلەموورییە و لێدانی کان بۆ دەرهێنانی کانزا لە لم و بەرد دەستپێکردووە.
لە دێرسم 145 پڕۆژەی دەرهێنانی کانزا هەن و ساڵی رابردووش کارکردن بۆ دەرهێنانی کانزا لە شەش پڕۆژەی نوێ راگەیێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ