رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی سووری پارێزگای ئامەدی کوردستان، مۆڵەت دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا.
پارێزگای ئامەد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای پارێزگاکان، لە سنووری شارۆچکەی سوور مۆڵەتی دا بە گەڕان بەدوای نەوتدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بێت، بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئێلیهـ سەر بە کۆمپانیای بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی پیترۆڵ) ـی تورکیا، مۆڵەتی پێدراوە لە ناوچەیەکی سنووری گوندی 'کوچوکئاکئۆرەن' سەربە شارۆچكەی سوور لە پارێزگای ئامەد بەدوای نەوتدا بگەڕێت.
لە سەرەتاکانی مانگی ئاداری ئەم ساڵ مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگاکانی ئامەد و روهای باکووری کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکرایەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 14ـی ئاداری ئەم ساڵ لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ئامەد ئاماژەی بەوەدا، رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتییەکانی ئامەد بەرهەمدێن.
پێشتر کۆمپانیای نیشتمانیی وەبەرهێنانی نەوتی تورکیا لە چەند شوێنێکی دیکەی باکووری کوردستان لە نزیک سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان دۆزینەوەی نەوتی راگەیاندبوو، بەتایبەتی لە شرناخ، باتمان، سێرت، جۆلەمێرگ و ئامەد.
زۆربەی ئەو نەوتی تورکیا لە باکووری کوردستان بەرهەمدێت. سەرەتای ئایاری 2023 تورکیا دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، یەدەگی نەوتی شرنەخ 150ملیۆن بەرمیلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ