کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان

30-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 30-7-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ دەستپێکردن بە رێکار و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕوانی دەرکردنی مەرسوومی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن."
 
جومانە غەلای گوتی، "دەبێت ئەو مەرسوومە لەم دوو سێ رۆژەدا دەربکرێت بۆ ئەوەی ئێمەش لە رۆژی 1ـی ئابەوە دەست بە رێکارەکان بکەین؛ ئەگەر تاوەکو ئەو رۆژە مەرسوومەکە دەرنەکرێت، ئەوا وادەی هەڵبژاردن کە ئێمە پێشنیازمان کردووە، دوادەکەوێت."
 
هەفتەی رابردوو، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و وادەیەکی نوێی خستە بەردەمیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024ـە، واتە 7 رۆژ درەنگتر لەو وادەیەی کۆمیسیۆن پێشنیازیکردبوو کە 18ـی شوبات بوو.
 
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە؛ رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
 
رۆژی 10ـی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 18-07-2023 بە نووسراوی فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، "پێتان رادەگەیێنین کە کۆمیسیۆن بڕیاری ژمارە 9ـی لە کۆنووسی ئاسایی 24 لە 18-07-2023 دەرکردووە کە تێیدا پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18-02-2024، یان دوای ئەو رێککەوتە بکرێت."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گەڕەکی سەربەستی (32ی پارک).

کارەبای گەڕەکێکی دیکەی هەولێر دەکرێتە 24 کاژێری

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "ئەگەر هیچ کێشەیەک روونەدات، لە دوای 15 مانگەوە کارەبای گەڕەکی سەربەستی (32ـی پارک) دەکرێتە 24 کاژێری.