رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەوی شەممە، 14 منداڵ، شەش بەساڵاچوو، دوو خانەوادەوە و دوو ژنی گەنجیش کە لە باخی گشتی دەمانەوە و "هەموو جۆرە دەستدرێژییەک" دەکرایە سەریان، لەلایەن وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی لە سەر شەقامەکانی سلێمانی گواسترانەوە بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی.
رۆژی یەکشەممە، 30-07-2023 ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی شەممە 29ـی تەممووز بە سەرپەرشتیی کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی هەڵمەتێک بۆ بەهاناوەچوون، گواستنەوەی بێلانەکان، بەخشراوەکان و منداڵانی بێسەرپەرشت دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک خێرخواز ئاگاداریان کردنەوە کە بارودۆخی هەندێک هاووڵاتی بێلانە خراپە.
بە گوتەی ئاریان ئەحمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بەهانای 14منداڵ، شەش بەساڵاچوو، دوو خانەوادەوە و دوو ژنی گەنجیش کە لە باخی گشتی دەمانەوە و "هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکرایە سەریان" چوەوە و هەموویان گواستەوە بۆ کۆمەڵگەی چاودێری کۆمەڵایەتی.
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە بەشێکی زۆری ئەوانەی گواستراونەتەوە بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی، ناتوانن لەوێ بمێننەوە، چونکە خۆیان داوای ئەوە دەکەن بچنە دەرەوە، ئێمەش ناتوانین بەزۆر رایانبگرین، چونکە ئەوە پێویستی بە بڕیاری دادوەرە، بەڵام ئەو منداڵانەی گواستراونەتەوە مەرجی قورس بۆ چوونە دەرەوەیان دیاریکراوە و بە ئاسانی رادەستی کەسوکاریان ناکرێنەوە، چونکە زۆربەیان ئەوانەنن کە دەبنە قوربانی جیابوونەوەی دایک و باوکیان."
ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگشتی بەشێک لەو کەسانەی دەگوێزرێنەوە بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی، کەسوکاریان ئامادە نین وەریان بگرنەوە، ئەوەش بەهۆی هەندێک کێشە و گیروگرفتی کۆمەڵایەتییەوە."
هەر لەوبارەوە، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو کەسانەی گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، سەرجەمیان پاککراونەتەوە، جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینکراوە، ئەو منداڵانەش کە کەسوکاریان هەیە و گواستراونەتەوە، نایدەینەوە بە خاوەنەکانیان تاوەکو دڵنیانەبین لەوەی لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بەجێیان ناهێڵن، چونکە گرفتی جۆراوجۆر دێتە رێگەی منداڵەکان."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، تیمی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی تا کاژێر 02:00ی دوای نیوەشەو بەردەوام سەرجەم کوچە، کۆڵان، پارکەکانی ناوبازاڕی سلێمانی و دەوروبەریان پشکنیوە و ژمارەیەک بەخشراو، پەککەوتە و منداڵ گواسترانەوە بۆ ماڵەکانی سەربەچاودێری کۆمەڵایەتی و لەوێ پشکنینی پزیشکی، خزمەتگوزاری دەروونی و جێگەی مانەوە و پێداویستی تەواویان بۆ دابین کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ