رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی هەر لیترێک بەنزین نزیکەی 50 دینار دابەزی.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتیی بەرزی کۆمپانیای کار 850 بۆ 860 دینارە بە کۆ".
هەر لیترێک بەنزین بە زیاتر لە 30 بۆ 40 دینار لە نرخی کۆ دەگاتە دەستی شۆفێران.
سەرەتای ئەم مانگە نرخی لیترێک بەنزینی کار لە هەولێر و دهۆک بەکۆ گەیشتە 905 دینار و لە بەنزینخانەکان بە نزیکەی 930 دینار بوو.
لەبارەی پارێزگای دهۆکیشەوە، بازرگانێکی سووتەمەنی سنوورەکە بە رووداوی گوت، لە "دهۆکیش کەمێک نرخ دابەزیوە و زیاتر دادەبەزێت، چونکە سەرچاوەی بەنزینەکەمان هەر هەولێرە، لە هەولێر نرخ چۆن بێت دهۆکێش وادەبێت".
لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخی بەنزین چەند مانگێکە جێگیرە و لیتری بە 900 دینارە.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و لیتریان لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 250 دینارە.
جگە لە بەنزینی بازرگانی، لە هەردوو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، رۆژانە بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو و لیتری بە 750 دینار لە ژمارەیەک بەنزینخانە دەفرۆشرێت.
بەنزینی نرخ پاڵپشتیکراو لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نییە.
ساڵی رابردوو چەند جارێک گۆڕان بەسەر نرخی بەنزیندا هات، بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک لیترێک نۆرماڵ لە نزیک 870 دینار جێگیر بوو، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 900 دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ