رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی پەروەردەکان دەکات و داوایان لێ دەکات، فۆرمێک بەو کەسانە پڕبکەنەوە، کە بەبێ مۆڵەت خوێندوویانە، 10ـی ئایاریش دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی هەریەک لە پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین، سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کراوە.
لە نووسراوەکەدا وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پاڵپشت بە گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوان، بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕی و خۆیەتی ژمارە (4216) لە 22-04-2024 بە هاوپێچی نووسراومان فۆرمی تایبەت بەو بڕوانامانەی بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون بۆتان دەنێرین تاوەکو بە وردی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆیەتی میلاکی سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان پڕی بکەنەوە.
وەزارەتی پەروەردە 10ـی ئایاری 2024 وەکو دوایین رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمەکە دیاری کردووە. دواتر فۆرمەکە لە رێگەی ئیمەیلی تایبەت بە وەزارەت بۆ لینکی هاتوو لە گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەنێردرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی خوارەوە:
- فۆرمی هاوپێنج لەلایەن داواکار بە وردی پڕدەکرێتەوە لەلایەن فەرمانبەری تایبەتی دیاریکراو لە کاتی وەرگرتنەوەی واژۆ دەکرێت.
- بەپێی ئیمەیلی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتەوە فۆرمەکان بە وردی داخڵی لینکی دیاریکراو دەکرێن.
- ئیمەیلی دیاریکراو تەنیا لەلایەن فەرمانبەری تایبەت و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری خۆیەتی و میلاک کاری لەسەر دەکرێت، هەر کەسێکی دیکە بەکاریبهێنێت بەرپرسیار دەبێت.
- لە دوای تەواوبوونی کارەکان، وێنەیەک لە فۆرمەکە کۆپی دەکرێت و بۆ وەزارەتی پەروەردە - بەڕێوەبەرایەتیی گشتی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی - بەڕێوەبەرایەتیی مۆڵەتی خوێندن دەنێردرێت، کە هاوتای ژمارەی تۆمارکراو بێت لە لینکی هاتووی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
- تەواوی ئەو بڕوانامانە دەگرێتەوە کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بە دەستهاتوون و پەسندکردنیان بۆ نەکراوە و لە خزمەتی وەزیفیدا کارپێکراو نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ