رووداو دیجیتاڵ
تێکچوونی سرووشتی رووباری سیروان بەهۆی کارگەکانی چەو و لم دانیشتووانی ناوچەکەی نیگەرانکردووە و داوای داخرانی ئەو کارگانە دەکرێت. خاوەن کارگەکانیش دەڵێن، بە داخستنی کارگەکانیان زەرەرمەند دەبن و ئەوان لە چوارچێوەی ئەو رێنوێنییانەدا کاردەکەن کە بۆیان دیاریکراوە.
لە بەرامبەردا گلەیی لە فەرمانگەی ژینگەی کەلار دەکرێت بەوەی کە لەسەر ئەم کەیسە بێدەنگە. لە سنووری شارەوانی کەلار 24 کارگە و 40 کانی دەرهێنانی چەو و لم هەن و لە ماوەی 5 ساڵدا 157 سەرپێچی تۆمار کراون و سەرپێچیکاران سزادراون.
شارەوانی کەلار دەیەوێت بەدرێژایی نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە پردی گردە گۆزینەوە تاوەکو گوندی بەردەسوور بکاتە پرۆژەی گەشتیاری بۆ ئەمەش دەبێت سەرجەم ئەو کارگانەی چەو و لم و دروستکردنی بلۆک کە دەکەونە بەر پرۆژەکە لابدرێن.
شەهاب ئەحمەد قایمقامی کەلار پێیوایە چارەسەری ریشەیی ئەم گرفتە بەیەکجاری گواستنەوەی کارگەکانە بۆ سەر چۆمە وەرزیەکان.
رووداو بۆچوونی بەشێک لە هاونیشتمانیانی لەبارەی کاریگەریی کارکردنی کارگەکانی چەو و لم لەسەر ژینگە و گۆڕینی رێڕەوی رووباری سیروان وەرگرتووە.
ئەوانەی کە قسەیان بۆ رووداو کردووە رەخنەیان لە کارکردنی ئەو کارگانە هەیە بەوەی کوالێتی ئاو و ژینگەی رووباری سیراونیان تێکداوە و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆر لە دارەکانی سەر رووباڕەکە وشکبوونە و کاریگەریشی لەسەر ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان دروستکردووە. ئەو هاونیشتمانیانە داوای گواستنەوەی ئەو کارگانەش بۆ سەر چەمە وەرزییەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ