رووداو دیجیتاڵ
منداڵێک لە کەرکووک بەهۆی پەلاماردانی کۆمەڵێک سەگی بەرەڵڵا، گیانی لەدەستدا. قایمقامییەتی کەرکووک لە رێگەی دوو لیژنەوە کار لەسەر سەگی بەرەڵڵا دەکات و دەڵێت "ئەو سەگەی پەلاماری منداڵەکەی دا، لەنێوبرا." ئەنجوومەنی باڵای فەتواش لەسەر کوشتنی سەگی زیانبەخش و هار دەڵێت "رێگەپێدراوە".
ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، سیراج وەحیدی تەمەن پێنج ساڵان لە کۆڵانەکەی خۆیان لە گەڕەکی مەرجان سیتیی کەرکووک، لەکاتێکدا یاریی لەگەڵ سێ سەگی بەرەڵڵا دا دەکرد، لەناکاو سەگەکان پەلاماریان دا، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 06:23ـی ئێوارە روویدا. یەکەم کەس گەیشتە سەر سیراج، باوکی بوو، کە تاوەکو لە باوەشی نەگرت، نەیزانی کوڕەکەی خۆیەتی.
وەحید غازی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "وەک رۆژانی ئاسایی لەکار گەڕامەوە و داوای پسکیتی کردبوو، پێش ئەوەی بگەڕێمەوە و لە دەرەوە لە چاوەڕوانی مندا بوو. بە دڵخۆشییەوە لە پێشوازی مندا بوو. سەگەکان پەلاماریان دابوو، چووبووە پشت ئۆتۆمبێلێک بەڵام دووبارە پەلاماریان دابوو. یەکەمجار نەمزانی منداڵەکەمە، هەڵمگرت ئینجا بینیم منداڵی خۆمە. لەژێر ئۆتۆمبێلێک هەڵمگرتەوە. تووشی شۆک بووم و هاوارم کرد."
وەک باوکی ئەو منداڵەی بەهۆی گەستنی سەگەوە گیانی لەدەستدا، دەڵێت، لە گۆڕستان و کاتێ تەرمی منداڵەکەی بە خاکسپاردووە، زیاتر لە 50 سەگی بەرەڵڵا پەلاماریان داون.
سیراج بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کە لە ملیدا بوو، دڵی لە لێدان کەوت و تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدابوو. ئامال فەیزوڵڵا، پووری سیراج، بە رووداوی گوت: هەر سەگی دەبینی دەڕۆیشت بەرەو پیرییەوە، زۆری حەز لە سەگ بوو، هەتا داوای دەکرد سەگی بۆ بکڕین.
دوای رووداوەکە، قایمقامییەتی کەرکووک، لیژنەیەکی ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و ئەو سەگەی پەلاماری سیراجی دا، بە تاپڕ کوشتیان.
هاوڕێ زەنگەنە، بەڕێوەبەری ئیدارەی قایمقامییەتی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی "دوای چوونی تیمەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە و دەستنیشانکردنی سەگەکە، تیمەکانمان لەنێویان برد و گواستیانەوە."
بەپێی مادەی 32 لە یاسای تەندروستیی ئاژەڵ لە عێراق کە ساڵی 2013 دەرچووە، رێگە بە کوشتنی ئەو سەگانە دەدرێت، کە زیانبەخشن.
هاوڕێ زەنگەنە، گوتی "پار شێڵتەرێک لە کەرکووک لەسەر رووبەڕی 5 دۆنم زەوی لە دەرەوەی شاری کەرکووک و لە نزیک سەدی شیرین کرایەوە، لە ماوەیەکی کەمدا نزیکەی 480 سەگ لەو شێڵتەرە کۆکراونەتەوە."
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کوشتنی ئەو سەگانەی زیانبەخشن و هارن، "رێگەپێدراوە".
د. حەسەن پشدەری، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە بەرپرسیار، گوتی "کوشتنی سەگ بە رەهایی رێگەپێنەدراوە. هەر ئاژەڵێک زیانی هەبێت، دەبێت رێگەیەک هەبێت بۆ دوورخستنەوەی زیانەکەی."
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، چەند رێگەیەک وەک چارەکردنی کێشەی سەگی بەرەڵڵا دەخاتەڕوو "نابێ هەموویان نەزۆک بکرێن. شەرع رێگەی نەداوە سەگ رابگیرێت چونکە دروست نییە. دڕندەیە و زیانی هەیە. شێڵتەر وەک رێگەی یەکەم. ئەگەر هەر زیانی هەبوو، کەمکردنەوەی رێژەکەیان دروستە، لەناوبردنی هەموویان دروست نییە. کوشتنیان لەسەر حاڵەتی تاک دروستە، بۆ نموونە ئەگەر دڵنیا بووی ئەو سەگە زیانی هەیە، یان سەگی هارە، دەبێ بە زووترین کات لەنێوببرێ ئینجا خەڵک لەنێوی ببات یان حکومەت."
دوای گەیاندنی سکاڵا بۆ قایمقامییەتی کەرکووک، لیژنەکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە سکاڵای زۆریی سەگی بەرەڵڵایان کردووە. هاوڕێ زەنگەنە، گوتی "راوێژمان بە فەتوای کەرکووک کردووە و ئەوان رێگەیان داوە ئەو سەگانەی زیانیان هەیە، لەنێو ببرێن."
لە سنووری کەرکووک، ئەمساڵ 10 رووداوی پەلاماردانی سەگی بەرەڵڵا تۆمارکراون، کە دووانیان گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ