رووداو دیجیتاڵ
لە شاری برووجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان، دوو کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدا؛ بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەکەوە بووە.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ (شەممە، 29-03-2025) لە گەڕەکێکی شاری برووجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا. نادر مووساوەند، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، کرێکارەکان سەرقاڵی رووخاندنی باڵەخانەیەک بوون کە بەسەریاندا داڕماوە و لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
بەگوتەی نادر مووساوەند، دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی بەرگریی شارستانی، توانرا هەردوو کرێکارەکان بە برینداری لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکە دەربهێنرێن.
وەک بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی برووجێرد دەڵێت، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵی زۆری پزیشکی، هەردوو کرێکار بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
مووساوەند هۆکاری رووداوەکە بۆ پابەندنەبوونی کرێکاران و خاوەنکاران بە رێکارەکانی تایبەت بە رووخاندنی باڵەخانە گەڕاندەوە و گوتی، ''ئەوانەی دەیانەوێت بینایەک بڕووخێنن، پێویستە بەر لە هەر کارێک، رێنماییەکانی تایبەت بەو کارە لە بەرگریی شارستانی وەربگرن، بۆ ئەوەی تووشی هیچ رووداوێکی نەخوازراو نەبن.''
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی پارێزگای لوڕستان، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-09-2024، لانیکەم 15 کرێکار لەکاتی کارکردندا لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە و 410ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ