نرخی ئەمپێری موەلیدە لە دهۆک لە 8 هەزارەوە تاوەکو 12 هەزار و 750 دینار دەبێت

01-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئەمپێری موەلیدە لە دهۆک بۆ مانگی رابردوو دیاریکرا و بەرزترین دەگاتە 12 هەزار و 750 دینار؛ لە دوو رۆژی داهاتوویشدا لە هەولێر و سلێمانی دیاری دەکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 1ـی نیسانی 2025، هەکار هرووری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی ئادار لە پارێزگای دهۆک دیاریکرا. بەهۆی ئەوەی مانگی رابردوو کارەبای نیشتمانی باشتر بووە و زیاتر دراوە بە هاوبەشان، نرخی ئەمپێری موەلیدە بەراورد بە مانگی پێشتر دابەزیوە". 
 
مانگی شوبات لە پارێزگای دهۆک نرخی ئەمپێرێکی موەلیدە لەنێوان 19 هەزار دینار و 20 هەزار دیناردا بوو. لەبارەی نرخی مانگی ئادار، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک دەڵێت: "نرخی ئەمپێرێک لە 8 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 12 هەزار و 750 دینار."
 
هاوکات خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەمان نەکردووە بە بۆنەی پشووی جەژنی رەمەزانەوە، بەڵام بۆ مانگی ئادار نرخی ئەمپێری موەلیدە بەراورد بە مانگی پێش خۆی دادەبەزێت، چونکە کارەبای نیشتمانی باشتر بووە."
 
مانگی شوبات نرخی ئەمپێری موەلیدە لە پارێزگای هەولێر لە 11 هەزار دینارەوە دەستی پێکرد تاوەکو 22 هەزار و 500 دینار.
 
هاوکات گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا نرخی ئەمپێری موەلیدە لە پارێزگاکە دیاری نەکراوە؛ بڕیارە سبەی یان دووسبەی لیژنەکانی قایمقامییەت کۆببنەوە و نرخەکە دیاری بکەن."
 
مانگی شوبات نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەی ئەهلی گەڕەکەکانی سلێمانی لەنێوان 14 هەزار دینار بۆ 15 هەزار دینار بوو.
 
سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت: "ئەم مانگە کارەبای نیشتمانی زیاتر دراوە بە هاوبەشان و هەربۆیە نرخ لەو نرخە کەمتر دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە