رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردەیی راپەڕین لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی پەروەردەی رانیە و پشدەری کردووە دەڵێت: "دەسەڵاتی بەخشین و دانانی وانەبێژان لەلای بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکانە." نوێنەرێکی وانەبێژان لە راپەڕین دەڵێت: "ئەو قوتابخانەی دەستیان بە دەوام کردووەتەوە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن." هاوکات، نوێنەرێکی وانەبێژان لە قەزای کەلار دەڵێت، بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەن.
رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023 ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 دەستپێکرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان مامۆستایان و وانەبێژان بایکۆتی هۆڵەکانیان کرد و تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، بایکۆتی بەشێکی "زۆری" مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی وانەبێژان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو سێشەممەی رابردوو 23ـی مانگ مۆڵەت بە وانەبێژان درابوو بۆ شکاندنی بایکۆت ئەگەرنا جێگرەوەیان بۆ دادەنرا، بەڵام دواتر بەرپرسان مۆڵەتەکەیان بۆ رۆژی یەکشەممە 28ـی ئەم مانگە درێژکردەوە، ئەوەش ئەنجامی نەبوو و هیچ ئیجرائاتێک نەکرا، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەرین نووسراوێکی نوێی دەرکردووە."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بۆ ئەوەی وانەبێژ لە شوێنی ئەوانە دابنێرین کە ناگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
لەبارەی بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان، ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتی: "ئەمشەو بڕیار لەبارەی ئەوە دەدەین ئایا چوارشەممە خۆپیشاندان بکەین یاخود یەکشەممە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممە گرددەبینەوە، چونکە بڕیارە قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەییش لە سلێمانی گردبوونەوە بکەن."
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەرین دەریکردووە و ئاراستەی پەروەردەی رانیە و پشدەر کراوە و تێیدا هاتووە: "لەمەودوا لیژنەی پەروەردە سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی نووسراومان و لیستی ئامادەنەبووان وەربگیرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری ئیداری بەرامبەر مامۆستایان (میلاک - وانەبێژان)."
لە نووسراوەکە کە واژۆی محەممەد کەریم، بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردەی راپەڕینی لەسەرە بە تێبینییەک ئاماژە بەوەکراوە: "بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا دەسەڵاتی بەخشین و دانانی وانەبێژانی لایە."
جگە لە راپەڕین، بایکۆتی مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان لە بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بەردەوامە. بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
نەبەرد ئەحمەد، مامۆستایەکی میلاکە لە قەزای کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەکان زۆربەیان گەڕاونەتەوە و دەرگای قوتابخانەکانیان کردووەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئێمە وەریدەگرین قوتابخانەمان نییە نیوەی مامۆستایانی گەڕابێتنەوە، تەنانەت قوتابخانەی ئامادەیمیان هەیە 12 مامۆستای پۆلی 12ـی ئامادەیی بایکۆتی دەوامیان کردووە."
لە گەرمیان 430 قوتابخانە هەن، دوای زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان بە گوتەی نەبەرد ئەحمەد: "وەکو مامۆستایانی میلاک لە 17ـی ئەم مانگەوە غیابات وەرگیراوە و تاوەکو 19ـی شوبات لەبەردەستدایە بۆ گەڕانەوە ئەگەرنا جێگیرەوە دادەنرێت و فەسڵ دەکرێن، قوتابخانەمان هەیە دوێنێ لە کۆی 36 مامۆستا 32ـیان غیاب دراون."
هاوکات، هونەر ئەحمەد، نوێنەرێکی وانەبێژان لە قەزای کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆربەی وانەبێژان نەگەڕاونەتەوە قوتابخانەکان و هیچ کەسێکیش سزا نەدراوە ئەوەی هەیە تەنیا ئامادەنەبوون هەژماردەکرێت واتا غیابات وەردەگیرێت."
لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن هونەر ئەحمەد دەڵێت، "بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن چاوەڕوانی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیچ فەرمانێک لە وەزارەتی پەروەردە بە ئێمە نەگەیشتووە تاوەکو بگەڕێینەوە، ئەوەی هەبووە دڵخۆشکەر نەبووە و پەیوەندی بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا."
بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و کۆتاییهێنان بە بایکۆت و گردبوونەوەکان داواکاری مامۆستایانی میلاک، پلەبەرزکردنەوە، دابەشکردنی مووچە 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان، داواکاری وانەبێژانیش دامەزراندنە.
رۆژی 20-01-2024 لەلایەن ئاسایشی سلێمانیشەوە نزیکەی 10 بۆ 12 مامۆستا بانگهێشتکرابوون و دوای گفتوگۆ گەڕانەوە ماڵەوە. هەر ئەوکات سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان - سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندەر بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە و داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
هاوکات، 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، ساڵنامەی خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، 9ـی ئەم مانگە وەرزی یەکەمی خوێندن دەستیپێکرد و، تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ