رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو راژەی 14 پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیانەوە بگوازرێتەوە سەر کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، بەڵام جگە لە یەک پزیشک تاوەکو ئێستا راژەی هیچ پزیشکێک نەگواستراوەتەوە. راگری کۆلێژەکە دەڵێت، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان هەڕەشەی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی لە پزیشکەکان کردووە. سەرۆکی زانکۆی گەرمیانیش دەڵێت، پابەندی گواستنەوەی راژەی پزیشکەکان دەبن بە رەچاوکردنی دروستنەبوونی بۆشایی لە کەرتی تەندروستیی شارەکە.
کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان دوو گرفتی هەبوو، ئەوانیش کەمی پزیشک و نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری لە شارەکە بۆ ئەوەی خوێندکاران وانەکانیان بە تیۆری بخوێنن. دوو فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو گرفتە دەرچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
دکتۆر فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەرمانی گواستنەوەی سێ لە پزیشکەکان دەرچووە و چاوەڕوانی فەرمانی گواستنەوەی 11 پزیشکی دیکەین بۆ ئەوەی بە دەستمان بگات. وەک زانکۆ، پابەندی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستین بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو پزیشکانە، بە رەچاوکردنی دروستنەبوونی بۆشایی لە کەرتی تەندروستی شارەکەمان".
هاوکات، د. شێرکۆ نەریمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بۆ کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان دەرچووە. ماوەی دوو هەفتە دەبێت وەزارەتی تەندروستی فەرمانی وەزاری بۆیان دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەست لەکارهەڵگرتنی تەنیا بۆ یەک پزیشک کردووە."
بە گوتەی راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان دوو پزیشکی پەشیمان کردووەتەوە لە گواستنەوەی راژەکەیان و دەڵێت: "هەڕەشەی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی لێ کردوون. هەروەک لە فەرمانی وەزارەتی تەندروستی شەش مەرج دانراوە، ئەم شەش مەرجە زۆر قورسە بۆ پزیشکەکان و لە دەرەوەی یاساشدایە. چونکە مەرجدانان لە گواستنەوەی راژەدا نییە."
رۆژی 29-10-2023 وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان کۆبووەوە. راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا نەخۆشخانەکانی کەلار بکرێن بە فێرکاری بۆ ئەوەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان وانە کلینیکیەکان بخوێنن، ئەگەرنا پزیشکی لێهاتوویان لێ دەرناچێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش هیچ هەنگاوێک نەنراوە."
د. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لەبارەی گواستنەوەی راژەی پزیشکەکانیان رۆژی پێنجشەممە 02-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، پابەندی بڕیارەکە نابن، چونکە 2022 راژەی 20 پزیشکیان گواستووەتەوە سەر کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان و زۆربەی ئەو پزیشکانە بەبێ ئاگاداری ئەوان گواسترانەوە سلێمانی، ئەوانەش کە ماونەتەوە "کەمتەرخەمن" بەرامبەر بە کارەکانیان لە تەندروستیی گەرمیان یان هەر نیسابیان هەڵوەشاوەتەوە یان هەر دەوام ناکەن.
سیروان محەممەد گوتی، "لەبارەی کەمتەرخەمی ئەو پزیشکانە بەرامبەر بە پابەندییەکانیان لە تەندروستیی گەرمیان چەندینجار نووسراومان ئاراستەی زانکۆی گەرمیان کردووە کە هەندێک پزیشک دەوامی خۆیان بە رێکوپێکی ناکەن، بەڵام نەک هەر ئیجرائاتی پێویست نەگیراوەتەبەر، بەڵکو پێم گەیشتووەتەوە کە نووسراوەکان راستەوخۆ کراونەتە تەنەکەی خۆڵ و حیسابیان بۆ نەکردووە."
شەش مەرج لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو پزیشکانە دانراوە، ئەوانیش؛
- پزیشکەکە جارێکی دیکە 'تەنسیب' بکرێتەوە تەنیا بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان
- بەڵێن بدەن پابەندی دەوامی فەرمی بن لە نەخۆشخانەکان
- گواستنەوەیان بۆ نەکرێت لە زانکۆی گەرمیان - کۆلێژی پزیشکی بۆ هیچ زانکۆیەکی دیکە
- پابەندبن بە گشت رێکارە کارگێری و داراییەکان
- ساڵانە پشتگیرییان بۆ بکرێت لەسەر پابەندبوونیان بە ئەرکی خۆیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بۆ زانکۆی گەرمیان- کۆلێژی پزیشکی
- جێبەجێکردنی هەر سزایەک لەلایەن زانکۆی گەرمیان – کۆلێژی پزیشکی کە ئاراستەیان دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان.
"دەبێت تەندروستی گەرمیان و زانکۆش پابەندی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بن"
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خوێندنی باڵا فەرمانێکی وەزاری بۆ گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک دەرکردبوو، وەزارەتی تەندروستیش 16ـی ئەم مانگە فەرمانێکی دەرکرد و رەزامەندی داوە لەسەر گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "دەبێت تەندروستیی گشتیی گەرمیان و زانکۆش پابەندی هەردوو فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی بن و راژەی ئەو پزیشکانەش بگوازرێتەوە، بەڵام بەگشتیش کاتێکی زۆر نییە فەرمانەکەی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە."
رۆژی 25-09-2023 خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد، ئەوان داوایان دەکرد نەخۆشخانەکانی گەرمیان بکرێنە فێرکاری بۆ ئەوەی بتوانن وانەکانیان بە تیۆری بخوێنن هاوکات بەهۆی کەمی پزیشکانی کۆلێژەکەوە پێویستیان بە 14 پزیشکی دیکە هەبوو بۆ ئەوەی وانەکانیان پێ بڵێنەوە.
دوای زیاتر لە مانگێک بەسەر بایکۆتکردنی خوێندکاران، رۆژی 15-11-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمانی وەزاریی تایبەت بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر میلاکی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەرکرد.
هاوکات، 30-10-2023 وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نەخۆشخانەکانی گەرمیان دەکرێنە فێرکاری و ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە دەستەبەر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ