رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئاگرەکەی سەر رێگەی هەولێر - گوێڕ کۆنترۆڵکراوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی خاوەنی پاڵاوگەکەش زیاتر 400 هەزار دۆلار زیانی مادییان پێگەیشتووە.
کاژێر 2:30ـی بەیانی رۆژی سێشەممە، 30-01-2024، ئاگرێکی "گەورە" لەسەر رێگەی هەولێر - گوێر لە پاڵاوگەیەک کەوتووە و دوای شەش کاژێر و 35 خولەک کۆنترۆڵکرا.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "رووداوەکە لە جۆری گرگرتن و ئاگرکەوتنەوە بووە لە یەکێک لە پاککەرەوەکانی کۆمپانیای ئەمین لەسەر رێگەی گوێڕ. رووداوەکە گەورە بووە و بەگوتەی خاوەنی کۆمپانیاکە زیاتر لە 400 هەزار دۆلار زیانی مادییان پێگەیشتووە."
بە گوتەی بەرگریی شارستانی هەولێر، بەهۆی رووداوەکە سێ کەس بریندار بوون کە دووانیان کارگوزاری کۆمپانیاکە بوونە و یەکێکیان 30 بۆ 40٪ـی جەستەی سووتاوە، کەسی سێیەمیش کارمەندی بەرگری شارستانی بووە و پەراسووی شکاوە.
موقەدەم کاروان میراودەلی گوتی، 11 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوونە، تاوەکو دواجار دوای شەش کاژێر و 35 خولەک ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان کۆنترۆڵکردنەکە خێرایی گرگڕتن بوو.
رووداوەکە کاژێر 2:30 خولەکی بەیانی رۆژی سێشەممە روویداوە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت: "ئاگرەکە گەورە بوو نەدەکرا تەنیا بە ئاوی سادە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدەین، بۆیە پێویستیمان بە ماددەی فووم بوو، توانیمان بە مادەکە کۆنترۆڵی بکەین."
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە، بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "چەند کۆگایەک گڕیان گرت، هۆکارەکەی تێکردنی گاز لە موەلیدە و کارپێکردنی بووە، دواجار ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە." خاوەنی کۆمپانیاکەش گوتی: "لە کاتی بەتاڵکردندا گاز بەسەر موەلیدەدا رژاوە کە کارەبایی بووە و بەهۆیەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ