3 گەنجی ئێزدی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی ئەسانسۆرێک لە بەغدا گیانیان لەدەستدا

29-11-2023
هونەر رەشید
گیان لەدەستدانی سێ گەنجی ئێزدی لە کاتی کارکردندا لە بەغدا
گیان لەدەستدانی سێ گەنجی ئێزدی لە کاتی کارکردندا لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێ گەنجی ئێزدی لە کاتی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا، لە نهۆمی 14 باڵەخانەیەکەوە لەنێو ئەسانسۆرێکەوە دەکەونە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، حەسەن عەلی تەمەنی 18 ساڵ، نائیف خدر تەمەنی 24 ساڵ و داود موراد تەمەنی 17 ساڵ بوو. 
 
گەنجەکان خەڵکی شنگالن، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان روویان لە بەغدا کردبوو، دوو لە گەنجەکان لە کەمپی خانکێ لە دهۆک ئاوارە بوون، لە کاتی گەڕانەوەی تەرمەکانیان بۆ کەمپەکە ژن و پیاو و گەنج و پیر چوونە سەر رێگەکە و بە گریان و ناڵە و هاوارەوە تەرمەکانیان وەرگرتنەوە. 
 
عەلی زەندین، باوکی حەسەنە، لەبارەی گیان لەدەستدانی کوڕەکەیەوە بە رووداوی گوت، "هۆکار بێ پارەیی بوو، من کارم دەکرد نەمدەهێشت ئەو کار بکات، بەڵام براکەی نەخۆشی فەقەراتی هەیە، بۆیە بە تەنیا ئەو مابوو کاربکات، لەگەڵ جەماعەتی خۆمانی ئێزدی." 
 
ئەلیفا عەزیز، دایکی حەسەنە بە گریانەوە باسی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت، "کارکەرمان نەبوو، براکەی عەلی نەیدەتوانی کاربکات، پشتی دەهێشێت، بەوهۆیەوە ئەو چووبوە سەر کار." 
 
تەرمی دوو گەنجیان هێنرانەوە کەمپی خانکێ کە لە ساڵی 2014ـەوە ئاوارە ببوون، بەڵام داود موراد دانیشتووی تەل عوزێرە لە شنگال، بۆیە تەرمەکەی راستەوخۆ نێردرایەوە بۆ ناوچەکەی و تەرمی هەرسێکیان بەخاک سپێردران. 
 
موراد زەندین، مامی حەسەنە، باسی برازاکەی باسی لەوەکرد کە، "باوکی (یەکێک لە قوربانییەکان) و باوکی ئەوانی دیکەش لێرەن. ئێمە سکاڵامان لەدژی کۆمپانیاکە کردووە و گلەییەکانی خۆمان گەیاندووە. لەدوێنێوە هەمووان دەستوەردانیان کردووە و نەیاندەویست تەرمەکانیشمان رادەست بکەنەوە لە دادپزیشکیی بەغداوە، ئەوەش لەبەر رۆتینی حکومەت.''
 
شەمو خدر، مامی نائیفە، دەڵێت، "هۆکارەکەی دەستکورتی و هەژاری بوو، ئەوە ئێمە 9 بۆ 10 ساڵە ئاوارەین لەنێو کەمپەکە، ئێمە داوا دەکەین مافیان نەفەوتێت، ماڵی هەموو لایەک ئاوەدان بێت کەمتەرخەمییان نەکردووە." 
 
خێزانی یەکێک لە قوربانییەکان سکاڵایان لەو کۆمپانیایە تۆمارکردووە، چونکە پێیان وایە ئەو کۆمپانیایە کەمتەرخەم دەبینن لەبەرامبەر ئەو رووداوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.